هەدەپە: قەیوومی گەورە شارەوانیی وان 533 ملیۆن دۆلار قەرزی کردووە
رووداو - وان
گەورە شارەوانیی وان دوای نزیکەی دوو ساڵ لەرێگەی هەڵبژاردنەوە لە دەستی قەیووم هاتەدەرەوە و کەوتەوە دەست هەدەپە. ئێستاش سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان بانگەشەی ئەوە دەکات قەیووم شارەوانییەکەی تووشی قەرزێکی زۆر کردووە.
هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان بڕی قەرزی قەیوومی گەورەشارەوانیی وانی لەسەر لافیتەیەکی گەورە نووسیوە و بە باڵەخانەی شارەوانیی هەڵواسیوە، لەبەرامبەردا قەیوومەکەش چەند لافیتەیەکی بە باڵەخانە حکومییەکانی دیکەی ئەو شارە هەڵواسیوە و تێیدا لیستی کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاریی نووسیوە، کە دەڵێ لەکاتی قەیوومیی ئەودا لە شارەکە کراون.
بەگوتەی هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، قەیووم لەماوەی ساڵ و نیوێکی حوکمکردنی گەورە شارەوانیی وان، بووەتە هۆی ئەوەی بڕی ملیارێک و 107 ملیۆن و 556 هەزار و 94 تێلێ قەرز بچێتە سەر ئەو گەورە شارەوانییە، کە دەکاتە بڕی 533 ملیۆن دۆلار.
لە بەرامبەردا زاهیر سۆغەندان، سەرۆکی پێشووی ئاکپارتی لە وان دەڵێ "کاتێک قەیووم هاتە سەر حوکم، ئەوکاتەش شارەداریی هەدەپە 121 ملیۆن قەرزی لەسەر بوو، پێویستە ئەوەی دێتە سەر حوکم خزمەت بکات، ئەوکاتە هەشت نۆ ساڵ شارەداری لەدەستی هەدەپە بوو، بەڵام هیچ خزمەتێکی نەکرد".
لە مانگی تشرینی دووەمی 2016ـەوە تاوەکو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی ئادار، 96 شارەوانیی هەدەپە لەلایەن قەیوومەکانەوە بەڕێوەدەبران و، ئێستاش زۆربەی سەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپە بانگەشەی ئەوە دەکەن قەیوومەکان گەندەڵییان کردووە، بەڵام "ئەوەی زۆرترین قەرزی خستووەتە سەر شارەوانییەکەی، قەیوومی گەورەشارەوانیی وان بووە".