خوێندنی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد

 
 
رووداو - هەولێر

بۆ یەکەمجار لە مێژووی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستاندا خوێندنی ئەلکترۆنی دەستی پێکرد. نزیکەی 150 هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەخوێنن. خوێندنی ئەیلکترۆنی خوێندکاری ماستەر و دکتۆراش دەگرێتەوە.  هەر بەو جۆرە خوێندکار لەگەڵ سەرپەرشتیاری بابەت لە پەیوەندییدا دەبن.  
 
بە گوێرەی تایبەتمەندیی کۆلێژەکان وانەکان بەشێکیان بە نووسین بۆ خوێندکاران دەنێردرێن و بەشێکیان کردەییە و مامۆستاکان لەرێگەی ڤیدیۆوە بابەتەکان شیدەکەنەوە.
 
د. نەژاد ئەحمەد، راگری کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدینە و دەڵێت، "مامۆستاکان بەشێوەی پی دی ئێف و ڤیدیۆ و ئەپلیکەیشنێک وانەکان ئامادە دەکەن و دەڵێنەوە. ئەپلیکەیشنەکە بۆ مۆبایل و بۆ کۆمپیتەریش دەبێت".
 
مامۆستاکان لەرێگای خشتەیەکی رۆژانەوە وانەکان دەڵێنەوە. مامۆستا مەڕوان لە بەشی پرۆگرامسازیی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین وانەکانی بە نووسین و ڤیدیۆ ئامادەکردوون و لە رێگەی ئەپلیکەیشنی زانکۆکەیانەوە  بۆ خوێنکارەکانی دەنێرێت.
 
مەروان عەزیز، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین بە رووداو دەڵێت، "وانەکانم ئامادە کردوون، بەڵام هەفتە بە هەفتە بۆیان دەنێرم. بابەتەکەی من ساڵانەیە و سێ تا چوار وانەی ماوە". 
 
ئەمین لە رێگەی ئیمەیڵی زانکۆکەیەوە وانەی بەدەست گەیشتووە. ئەو دەبێت رۆژانە  دوو جار بۆ خوێندنی وانەکانی لەبەردەم لاپتۆپەکەی دابنیشێت، تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ سیستەمەکەدا نییە.
 
ئەمین زیاد، خوێندکاری زانکۆیە و دەڵێت، "لیکنیان بۆ ئێمە داناوە کە مامۆستایان لە رێگەی گووگڵ درایڤەوە وانە تۆمارکراوەکانی خۆیان دادەنێن. لینکێکیش هەیە کە بەرنامەی زوومە و لەوێوە راستەوخۆ وانە دەخوێنین".
 
لە هەرێمی کوردستان 16 زانکۆی حکومی، 19 زانکۆ و 14 پەیمانگەی تایبەت هەن و خوێندنی ئەلکترۆنی سەرجەمیان دەگرێتەوە.
 
بە گوێرەی سیستەمی ساڵانە و وەرزی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان لەنێوان دوو هەفتە بۆ شەش هەفتەیان ماوە. دوای ئەوە بە گوێرەی دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیار لە رێکاری تاقیکردنەوەکان دەدرێت.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، "ئەمە بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2019 بۆ 2020ـە. لێرەیشەوە خوێندکاران دڵنیا دەکەینەوە کە خوێندنی ئەمساڵیان بە هیچ شێوەیەک بەفیڕۆناچێت". 
 
جگە لە خوێندکارانی دبلۆم و بە کالۆریۆس، خوێندنی ئەلکترۆنی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆراش دەگرێتەوە.