شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەنگەرەکانی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی بەسەرکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەردانی سەنگەرەکانی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک و گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچکەی پردێ کرد.
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانانی راگەیاندووە، کە داعش مەترسییە و هەمیشە لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و تێکدانی ئارامیی ناوچەکەدایە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ماددەی 140 کە بۆشاییەکی ئەمنیی زۆری تێدایە و هەماهەنگییەکی تەواو سەربازیش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا بۆ پاراستن و دابینکردنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە نییە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختیکردەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کاری خێراتر دەکات بۆ دروستبوونی هێزێکی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوە و پاراستنی ئەو ناوچانە لە داعش، چونکە بەردەوامبوونیان مەترسییە بۆسەر ئاسایشی عێراق، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دوای گەڕانەوەی لە میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهیدان و بریندارانی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد و سەرەخۆشی و هاوخەمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی گەیاندە خانەوادەی سەربەرزیان و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە نوێنەرایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵباتی پێشمەرگە شەهید و بریندارەکانی سنووری کەرکووک دەکات
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 2, 2021
📸 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان pic.twitter.com/JgEIJYfcoN