کوردێکی فەیلی بە تەنیا گوندەکەی لە سنووری مەندەلی ئاوەدان دەکاتەوە

 
رووداو - مەندەلی

لە سنووری شارۆچکەی مەندەلی 78 گوندی کوردی هەن، زۆربەیان فەیلین، لەدوای ساڵی 1975 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەموویان رووخێندران. کوردانی فەیلیش باس لەوە دەکەن کە لەنێوان حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بوونەتە قوربانی و قەرەبووش نەکراونەتەوە.
 
حاجی جەبار سەلمان تەمەنی 80 ساڵە و دانیشتووی گوندی پەتۆکەرە لە شارۆچکەی مەندەلی لە دیالە، لەدوای ئاوارەبوونی رۆشتووەتە بەغدا و تائێستاش هەر لەوێ دەژی. لە ساڵی 1975 حکومەتی ئەوکاتی عێراق گوندەکەیانی رووخاند و ناوەکەی لە پەتۆکەرەوە گۆڕی بۆ ئاسفە، کە ئەو کاتە 100 ماڵی تێدابوو، بەڵام لەدوای ساڵی 2003 بە تەنها خۆی گوندەکەی ئاوەدان کردووەتەوە.
 
حاجی جەبار سەلمان، بازرگان دەڵێت، "لە ساڵی 1975 لێرە زەویمان هەبوو، زەویی کشتوکاڵیمان هەبوو، مەڕمان هەبوو، مانگامان هەبوو، دووکانمان لە بازاڕ هەبوو، باخمان هەبوو، کاتێک دەریان کردین هەمووی دەستی بەسەردا گیرا و عەرەب هاتە شوێنەکەمان."
 
کوردانی فەیلی لە شارۆچکەی مەندەلی دەڵێن، لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوونەتە قوربانی، دوای ئاوارەبوون و گەڕانەوەیان تائێستا قەرەبووش نەکراونەتەوە.
 
عەلی حوسێن، کوردی فەیلی ئاماژە بەوە دەکات، "سەدام سفرمانی کرد، کوشتمانی و ئێستا لێرە نە لەسەر مەرکەزین، نە لەسەر عێراقین و نە لەسەر [هەرێمی] کوردستانین، ئێمە نە خەدەماتمان هەیە و نە وەزیفەمان هەیە، بەتایبەت کوردانی فەیلی."
 
کوردێکی دیکەی فەیلی بەناوی فەرحان رەوزان ئەوەی خستەڕوو، "سەرۆک بارزانی گوتی، هەقیان خوریاوە و ئێمە داوا دەکەین لە هەقیان. داوا دەکەین لە سەرۆک بارزانی داوای هەقی هەموو کوردی فەیلی بکات، ئێمە عەرەب داوامان بۆ ناکات."
 
گوندی کەپرە لە شارۆچکەی مەندەلی، پێشتر 800 ماڵی کوردی فەیلیی تێدابوو، کەچی ئێستا لەگەڵ زەوی تەخت کراون و کەمتر لە 200 ماڵی بۆ گەڕاوەتەوە.
 
گوندی کەرەمەڵڵا لە سنووری شارۆچکەی مەندەلی، حکومەتی بەعس بە تەواوەتی رووخاندی، کە ئەو کاتە زیاتر لە 100 ماڵی تێدابوو، بەڵام تائێستا یەک ماڵی بۆ نەگەڕاوەتەوە.