ئایدن مەعرووف: سێ پێشنیاز بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتاکان هەن

رووداو دیجیتاڵ 

هەوڵەکان لە هەولێر و بەغدا بە ئاڕاستەى گەڕاندنەوەى کورسیی کۆتایى پێکهاتەکانە بۆ پەرلەمانى کوردستان، ئەوەش هۆکارى راگرتنى رێکارەکانى هەڵبژاردنە، پێشنیازى جیاواز هەن بۆ چارەسەر و پێکھاتەکانیش "گەشبینن" رێککەوتن لە بارەیەوە بکرێت. 
 
دوو هەفتە پێش دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن، رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە راگیران.
 
هەرچەندە کۆمیسیۆن ئەو راگرتنەى رەتکردەوە، بەڵام رووداو لە چەند سەرچاوەیەوە زانیویێتى کە رێکارەکان راگیراون.
 
یەکێک لە هۆکارەکانى راگرتنى ئەو رێکارانە، کورسیی کۆتاکانە. دادگەى فیدراڵى لە 21ى شوبات بە بڕیارێک ئەو 11 کورسیەى کۆتاى تورکمان، کریستیان، ئەرمەنى لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە.
 
گفتوگۆکان لەبارەى چارەسەرى ئەو پرسە بەردەوامن. ئایدن مەعرووف، ئەندامى مەکەتەبی سیاسیی بەرەى تورکمانى  بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "هەوڵەکان لە هەولێر و بەغدا بە ئاڕاستەى چارەسەرکردنن، راگرتنى کارى کۆمیسیۆنیش پەیوەندارە بە چارەسەرى ئەو کورسیانەوە، دواخستنى هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە دەرفەت هەبێت بۆ شێوازى چارەسەرکردنەکە.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە دوایین رۆژى مانگى نیسان کاتێک لەگەڵ سەرۆکى کۆمیسیۆن کۆبووەوە، پێیگوت: "گرنگە هەڵبژاردن لە سایەى سازانى سیاسى و بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان بێت."
 
ئایدن مەعرووف گوتى: "لە چەند رۆژى رابردوودا نوێنەرى پێکهاتەکان یاداشتێکیان ئاڕاستەى دادگەى فیدراڵی و سەرۆکایەتییەکانى عێراق کردووە بۆ چارەسەرى پرسی کورسیى کۆتاکان، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووە."
 
بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى وایە کە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان بکرێتە 100 کورسی، 11 کورسیی کۆتاى پێکهاتەکان نامێنن.
 
چەند پێشنیازێک کراون بۆ گەڕانەوەى کورسییەکان، ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسیی بەرەى تورکمانى رایگەیاند سێ پێشنیاز هەن، یان پێنج کورسی بۆ هەر سێ پێکهاتەکە بگەڕێندرێتەوە، یان سەرجەم 11 کورسییەکە لە چوارچێوەى 100 کورسی، یان وەک پێشتووى لێ بکرێتەوە و ببێتەوە 111 کورسی.
 
رۆژی شەممە، 27-04-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لە ماوەی سێ رۆژدا چەندین کۆبوونەوەی هەبوو، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. تەوەرێکی سەرەکیی بەشێک لە کۆبوونەوەکانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.
 
رۆمیۆ هەکارى، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن بە  تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "گەشبینى لەنێو پێکهاتەکان هەیە بۆ چارەسەر کورسی پێکهاتەکان و گەیشتن بە سازان، هەڵبژاردنیش بەبێ بەشدارى پارتى ناکرێت کە یەکێک لە داواکارییەکانى چارەسەرى ئەو کێشەیە".
 
سازان و لکێتێگەیشتن لەسەر گەڕاندنەوەى کورسیی کۆتاکان هەیە، بەڵام ئەو بەرپرسانەى پێکھاتەى تورکمان و کریستیان کە رووداو گفتوگۆى لەگەڵ کردوون نازانن شێوازى چارەسەرکردنى بە دیاریکراوى چییە.
 
پێشتر لە 30ى نیسان یونادەم یوسف کەنا، سەرۆکى هاوپەیمانیى رافیدەین بە رووداوى گوتبوو: "یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە ئەو پرسە لە پەرلەمانى عێراق بە یاسا یەکلا بکرێتەوە".