500 خێزانی کەمپی ئاشتیی عەربەت دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەتی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو 500 خێزانی کەمپی ئاشتی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت رۆژی پێنجشەممە 2ی ئاداری 2024 بە رووداوی گوت: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو 500 خێزانی دیکەی کەمپی ئاوارەکانی ئاشتی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
کەمپی ئاشتی، دەکەوێتە ناحیەی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەزار و 354 خێزانی ئاوارەی تێدایە.
هەر خێزانێکی گەڕاوە چوار ملیۆن دینار، تەلەفزیۆن، تابەخ و بەفرگرێکی پێدەدەرێت، ماڵەکەشی بێبەرامبەر بۆ دەگوازرێتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت دەڵێت: "ئەوە هاندانێکە تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
مانگی رابردوو نزیکەی 245 خێزانی کەمپەکە گەڕانەوە زێدی خۆیان.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە 27ی نیسانی 2024 بە رووداوی راگەیاند: "لە پارێزگای سلێمانی تەنیا یەک کەمپی ئاوارەکان ماوە، ئەویش کەمپی ئاشتییە. ئێستا ژمارەی ئاوارەکانی بۆ نزیکەی نیوە کەمبووەتەوە، ئەوانی دیکە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی: "دوای 15ی ئایار کە وەرزی خوێندنی ئەمساڵ کۆتایی دێت، تەواوی ئاوارەکانی ئەو کەمپە دەگەڕێنەوە و کەمپەکە دادەخرێت."
رۆژی 19 ئاداری 2024 کەمپی تازە دێ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان داخرا. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستاندا 23 کەمپ هەن.