یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان یەکەم تووشبووی بە تای خوێنبەربوون راگەیاند، کە خەڵکی قەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر. تەندروستیی سنوورەکە دەڵێت، تووشبووەکە فرۆشیاری ئاژەڵە.
 
دکتۆر سەرکار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: "یەکەم تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا، ئەویش هاووڵاتییەکی شاری کۆیەیە".
 
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تووشبووەکە خەڵکی نێو شاری کۆیەیە و شەوی چوارشەممە بە ئامبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێرمان کرد، کە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی لێ دەکرا".
 
تووشبووەکە تەمەنی 42 ساڵە. بە گوتەی هاوکار عەلی، کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵی لە گوند دا هەیە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، تەندروستیی تووشبووەکە جێگیرە.
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە.
 
ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەکاتی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە. هەروەها بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.