هەڤاڵ ئەبوبەکر: سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی گرنگیی پێگەی کوردە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سەردانی عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی روونە بۆ بایەخی بەشداریی کورد لە حکومەتی نوێی فیدراڵیدا و دەڵێت، "هیوادارین ئەم سەردانە ببێتە هۆی یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان."
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو، تیشکی خستە سەر سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ هەولێر و سلێمانی و رایگەیاند، "ئەم سەردانە بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە یەکەمین چوونەدەرەوەی بەڕێز عەلی زەیدییە لە بەغدا دوای راسپاردنی. دەستپێکردنی گەشتەکەی لە هەولێر و کۆتاییهێنانی لە سلێمانی، سەلمێنەری پێگە و بایەخی کوردە لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق دا."
سەبارەت بە وادەی یاسایی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، کاتێکی زۆر لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی راسپێردراودا نەماوە. گوتیشی، "لەو 30 رۆژەی بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاری کراوە، تەنیا 24 رۆژ ماوە. هەموو ئومێدەکان بۆ ئەوەن کە لەم ماوە یاساییەدا لایەنەکان بگەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ کە مافەکانی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت."
هەڤاڵ ئەبوبەکر، هۆشداریی دا لەوەی کە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیهان "زۆر هەستیارە" و گوتی، "ئێمە ئێستا لە دۆخی دوای جەنگی جیهانیی سێیەم داین، پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین. ئێمە لە نێوەڕاستی گۆڕانکارییەکی گەورەی جیهانیداین و نابێت تەنیا سەیری ناوخۆی هەرێم یان عێراق بکەین، بەڵکو دەبێت وێنە گەورەکە ببینین."
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و هیوای خواست سەردانەکەی عەلی زەیدی "وەک دەرفەتێک بەکاربهێنرێت بۆ ئاشتەوایی". گوتیشی، "هیوادارم ئەم سەردانە دەروازەیەک بێت بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا دروست ببێتەوە، چونکە یەکڕیزیی کورد تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان لە بەغدا."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026 عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی هەولێر، بڕیارە عەلی زەیدی سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە.