لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی؛ عەلی زەیدی مەرج و داواکاریی لایەنە کوردستانییەکان بۆ کابینەکەی وەردەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵا کە پێکهاتبوون لە فازڵ میرانی، فوئاد حوسێن، رێبەر ئەحمەد و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە پێشوازی لێکرا.
 
عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە هەرێمی کوردستانە. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە هەولێر، گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە.  
 
دووەمین وێستگەی کۆبوونەوەکانی زەیدی لە سلێمانی، کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ. 
 
پێش کۆبوونەوەکە، کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە دوای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دووەم کۆبوونەوە لەگەڵ ئێمە بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەت".
 
نزیک کاژێر 06:30 عەلی زەیدی، گەیشتە بارەگای نەوەی نوێ و لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکەوە پێشوازی لێکرا.
 
دوای کۆبوونەوەکە رێبوار ئەوڕەحمان، جێگری سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ عەلی زەیدی، پشتیوانییان بۆ هەموو حکومەتێک نیشانداوە کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان، بەتایبەتیش کێشەی مووچە و گوزەرانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی جووڵانەوەکەیان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، رێبوار ئەوڕەحمان گوتی: "پێموایە هێشتا زووە بۆ بڕیاری بەشداریکردن یان نەکردنمان لە حکومەت. چونکە هێشتا گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت دەستیپێنەکردووە. هەموو راسپێردراوێک بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەپێناوی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ کابینەکەی، ئەم جۆرە سەردانانە دەکات. ئێمەش ئەمڕۆ بە روونی هەڵوێستی خۆمانمان پێڕاگەیاندن و داوامان لێکردووە کێشەی خەڵک چارەسەر بکات".
 
هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری بەیەکەوە بەشداری دەکەن
 
زەیدی، نزیک کاژێر 5:30ـی ئێوارە گەیشتە سلێمانی. لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێکەوە مەرجەکانیان بۆ زەیدی داڕشتووە. د. رێبوار کەریم، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عەلی زەیدی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ سەردانی کردین، تێڕوانینی خۆمان پێشکێش کرد کە پڕۆژەیەکە لە 20 خاڵ پێکهاتووە؛ سەرەکیترینیان دابینکردنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لە بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق دا. هەروەها لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵ بەیەکەوە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت دەکەین و ئیستیحقاقی خۆمان دەوێت کە یەکێکە لە وەزارەتەکان."
 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێش کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ عەلی زەیدی لەگەڵ ئێمە و رەوتی هەڵوێست پێکەوە دابنیشین، جارێ دەبێ گوێی لێبگرین بزانن پێشنیاز و بەرنامەی چییە، لانیکەم وەزارەتێکمان دەکەوێ لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق چونکە بە هەرسێکمان 10 کورسیمان هەیە."
 
دوای کۆبوونەوەکە ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو خستەروو و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دوو تەوەری سەرەکییان (سیاسی و ئابووری) لەگەڵ زەیدی تاوتوێ کردووە و گوتی: "بیروبۆچوونی سیاسیمان پێشکێشی عەلی زەیدی کرد کە هاووڵاتییانی عێراق لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ هەمان مافیان هەبێ و هەموویان بە یەک چاو سەیر بکرێن. هەروەها بیروبۆچوونێکی ئابووریشمان هەبوو کە هەموو مافەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەستەبەر بێت."
 
لەبارەی پشتیوانیکردنی کابینە نوێیەکە، ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ جەختی لەسەر مەرجی لایەنەکان کردەوە و گوتی: "بە عەلی زەیدیمان گوتووە، پشتگیری لە پڕۆژەکانت دەکەین ئەوکاتەی پشتگیری لە پڕۆژەکانمان دەکەیت. ئێمە دەمانەوێت کوردستانیش هەمان مافی هەبێت لە دامەزراندن، پارەی گەنمی جووتیاران و دابینکردنی دەرمانی نەخۆشخانەکان."
 
بە گوتەی ئەحمەدی حاجی رەشید، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، لەگەڵ داواکارییەکانیان هاوڕا بووە. بڕیاریشە هەرسێ فراکسیۆنی (کۆمەڵ، یەکگرتوو و رەوتی هەڵوێست) دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ عەلی زەیدی بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر شێوازی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی و حکومەتی داهاتوودا.
 
هەرچەندە بڕیار بوو عەلی زەیدی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بکات، بەڵام بە گوتەی د.موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبەکە لە پەرلەمانی عێراق، بەهۆی گۆڕانکارییەکی پرۆتۆکۆڵی و دروستبوونی وادەیەک لە بەغدا، سەردانی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بۆ لای یەکگرتوو دواخراوە و لە چەند رۆژی داهاتوو هەردوولا لە بەغدا کۆدەبنەوە.
 
عەلی فالح زەیدی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026 بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا. بەپێی رێکارە دەستوورییەکان، تەنیا 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان. سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بە وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە دادەنرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەتوانێت پشکی لایەنە کوردستانییەکان و مەرجەکانیان لەناو بەرنامەی حکومەتەکەیدا جێ بکاتەوە یان نا.