بڕیارێکی نوێ لەبارەی قەییومی مێردین درا
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ گەڕانەوەی ئەحمەد تورک بۆ سەر کارەکەی، ماوەی کارکردنی قەییومی سەر گەورەشارەوانیی مێردین درێژکرایەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی مێردین، رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا بە تۆمەتی "تیرۆر" لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، تونجای ئاکۆیون، پارێزگاری مێردین وەک قەییوم لە شوێنی ئەحمەد تورک دەستبەکاربوو.
ماوەی راسپاردنەکە کە دوو مانگ جارێک نوێ دەکرێتەوە، جارێکی دیکە هەڵسەنگاندنەوەی بۆ کرا و تاوەکو 4ی تەممووزی 2026 درێژکرایەوە. بەمەش، کارگێڕیی قەییوم لە گەورەشارەوانیی مێردین لە کارەکەی بەردەوام دەبێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئەحمەد تورک، بەربژێری دەم پارتی لە مێردین 218 هەزار و 42 دەنگی بەدەستهێنا و بە رێژەی 57.40٪ بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دەرچوو.
رۆژی 16ـی نیسانی 2024، ئەحمەد تورک لە پرۆسەی دادگاییکردنی دۆسیەی کۆبانێدا بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024، بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی (مەبەست لێی پەکەکەیە) و بەتۆمەتی تێوەگلانی بە دۆسیەی کۆبانێ، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.