بەڕێوەبەری بەنداوەکان: دووکان و دەربەندیخان 650 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بارانبارینی زۆر و زیادبوونی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان بەردەوامە و ئێستا پێکەوە 650 مێگاوات کارەبا دەدەنە تۆڕی نیشتمانی.
 
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان وەستابوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆریی بارانبارین و هەبوونی ئاوێکی زۆر، دەمێکە کارەبا بەرهەم دەهێندرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان، ئێستا بەنداوی دووکان 400 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و  توانای گلدانەوە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام ئەمساڵ هێشتا سەرڕێژ نەبووە و چەند مەترێکی ماوە.
 
بەنداوی دەربەندیخانیش کە توانای گرتنی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە 22ی نیسانی ئەم ساڵدا بەتەواوی سەررێژ بوو. رەحمان خانی گوتی: "250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و سێ یەکەی هەیە، بەڵام ئێستا دوویان کار دەکەن".
 
بەنداوی دووکان کە بە گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، لە ساڵی 1959 وەک یەکەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق بونیاد نرا، تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا دوو جار سەرڕێژ بووە، کە دوایین جار ساڵی 2019 بوو. 
 
لە ساڵی 1961یش بەنداوی دەربەندیخان دروستکرا. لەو ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ 15 جار سەرڕێژ بووە، کە دوایین جاریان ئەم ساڵە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا 25 بەنداوی گەورە و بچووک هەن کە دووکان و دەربەندیخان ستراتیژیترین و گەورەترینیانن.