سەرۆک بارزانی و عەلی زەیدی تاوتوێی پێکهێنانی حکومەت دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە و "دووپات لە گرنگیی یەکخستنی تێڕوانین و هەڵوێستەکان و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە".
 
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەگەڵ شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا "بە گشتیی رەوشی وڵات و رەوتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێکران".
 
هەروەها دووپات لە "گرنگیی یەکخستنی تێڕوانین و هەڵوێستەکان و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و قەیرانەکان تێپەڕێنێت، بەشێوەیەک ببێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان و بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو گەلی عێراق".

 

 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێکرد.
 
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛ فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لە فڕۆکەخانە لە پێشوازی زەیدی بوون.
 
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق؛ عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی و عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی یاوەری عەلی زەیدی دەکەن.
 
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی هەولێر، بڕیارە عەلی زەیدی سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبێتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.