بارەگای بارزانی: عەلی زەیدی داوای کرد کوتلەی پەرلەمانی و حکومیی پارتی بگەڕێنەوە بەغدا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، زەیدی داوای کردووە کوتلەی پەرلەمانی و حکومیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵ، بگەڕێنەوە بەغدا.
 
رۆژی شەممە 2ی ئایاری 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و شاندێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد.
 
لە كۆبوونەوەكەدا، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، باس لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت كرا "بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبوون بە ماوە دەستوورییەكانەوە."
 
هەر لە كۆبوونەوەکەدا، سەرۆك بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتەكان كردووە و "جەختی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە لە چوارچێوەی دەستوودا."
 
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جێبەجێكردن و پابەندبوون بە دەستوور، چارەسەری سەرەكییە" و داواشی كرد، لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن.
 
لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەکەدا، وەکو لە راگەیێندراوی بارەگای بارزانی دا هاتووە، عەلی زەیدی "جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەكانی رابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە."
 
هاوکات، زەیدی لەگەڵ شاندی یاوەری، "داوایان كرد كە كوتلەی پەرلەمانی و حكومیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنەوە بەغدا،" ئەمەش هەر لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی دا هاتووە.
 
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026 عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق گەیشتە هەولێر و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لێکرد.
 
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛ فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لە فڕۆکەخانە لە پێشوازیی زەیدی بوون.
 
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق؛ عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی و عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی یاوەری عەلی زەیدی دەکەن.
 
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی هەولێر، بڕیارە عەلی زەیدی سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە.