بەغدا چاودێریی بردنی کاڵا لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق لە رێگەى کامێراوە چاودێریی ئەو کاڵایانە دەکات لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوور دەبرێن. دەستەى گومرگى عێراقیش بە فەرمى هەولێر لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە لەمەودوا کار بە نرخى نوێى گومرگ دەکەن کە لە سیستمى ئەسیکۆدا جێگیرکراوە. 
 
ئەو هەنگاوەى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق لە یەکى حوزەیرانەوە دەست بەجێبەجێکردنى کراوە کە کامێرا لە سۆنارى بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى دادەنرێت. یەکەمجار کامێرا لە بازگەى سەد دانراوە کە لە نێوان دهۆک و نەینەوایە.
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زانیارییەکان لە رێگەى تۆڕێکى پەیوەندى دەگوازرێنەوە بۆ بارەگاى دەستەى گشتى دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەوەى وردبینی بکرێت".
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق، بڕیارە ئەو هەنگاوە لە ماوەیەکى نزیکدا لە ناوچەکانی دیکەى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدڕاڵى لەکەرکووک و دیالە جێبەجێ بکرێت. 
 
ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 270ى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراقە کە تایبەتە بە یەکخستنى پێناسى گومرگى و دیاریکردنى نرخى نوێ بۆ گومرگ. 
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە دەستەى گومرگى عێراق لە یەکى حوزەیرانى 2025 ئاڕاستەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى گومرگ لە عێراق کردووە، نرخ بۆ کاڵا و ئۆتۆمبێلى هاوردەکراو هەڵوەشێنراوەتەوە کە لە لیستى هاوبەش لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و کار بە لیستى نرخى نوێ دەکرێت کە بەگوێرەى بڕیارى 270ى ئەنجوومەنى وەزیران دیاری کراوە و لە سیستمى ئەسیکۆدا جێگیرکراوە.
 
ئەسیکۆدا شێوازێکى نێودەوڵەتى بەڕێوەبردنى گومرگە کە بازرگانى دەرەکى تێدا رێکخراوە و زانیارى لەسەر بارى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات. مانگى تەممووزى 2026 ئەو سیستمە بە تەواوى رادەستى حکومەتى عێراق دەکرێت.