لە دوو رووداوی جیادا لە سنووری سلێمانی دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای چەمچەماڵ بارهەڵگرێک بەسەر وەستایەکدا کەوت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. هەروەها لە رووداوێکی سەختی هاوتووچۆدا لە نزیک عەربەت، کەسێک گیانی لەدەستدا و دووانیش بریندار بوون.
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەسێک بەناوی وەستا نەجات کە لە ناوچەی پیشەسازی کاری دەکرد، لەکاتی کاردا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بەسەریدا کەوت و گیانی لەدەستدا".
وەستا نەجات لەکاتی چاککردنی بارهەڵگرەکەدا، لە رێگەی بەرزکەرەوەوە (جەگ) ئۆتۆمبێلەکەی بەرزکردووەتەوە، بەڵام لەپڕ بەرزکەرەوەکە لەژێر بارهەڵگرەکە دەرچووە و بووە بەهۆکاری رووداوەکە.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاوتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاوتووچۆوە لە نزیک ناحیەی عەربەت، کەسێك گیانی لەدەستداوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی تۆیۆتا پرادۆ و هۆندا ئەکسێنتدا روویداوە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاندووە: "شۆفێر پرادۆکە بەخێراییەکی زۆر رۆیشتووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە؛ لە رێگە و ئاراستەی خۆی لایداوە و خۆی کێشاوە بە بەربەستی ئاسنینی نێوان هەردوو رێگەکە پاشان پەڕیوەتەوە بۆ سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکەی دیکەدا".
ئەوەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری هۆنداکە بووە؛ یەکێک لە بریندارەکان هەر لە هۆنداکەدا بووە و بریندارەکەی دیکەش شۆفێری پرادۆکە بووە.
هاتووچۆی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.