پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی هەولێر کەوتنە ژێر خۆڵەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر کەوتنە ژێر خۆڵەوە، چواریان سەلامەتن و یەکێکیان بە سەختی بریندار بووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بریندارەکە گیانی لەدەستداوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەکاتی کارکردن پێنج کرێکار کەوتنە ژێر خۆڵەوە، هەموویان دەرهێندراون، چواریان تەندروستییان باشە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام یەکێکیان تەندروستیی ناجێگیرە."
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
بە گوتەی شاخەوان سەعید، "هەموو کرێکارەکان بە رەگەز عەرەبن."
 
8ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا.
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.