زاڵمای خەلیلزاد: راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قەیرانێکی سیاسی دروستدەکات
رووداو دیجیتاڵ
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، راگرتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، قەیرانێکی سیاسی دروستدەکات و هەڕەشەیە بۆ ئەوەی جەژنی قوربانی داهاتوو "قورس و خەمناک" بکات.
خەلیلزاد لە پەیامێکدا کە 02-06-2025 بڵاویکردەوە، جەختی کردەوە: "زۆر گرنگە خۆمان لە پەرەسەندنی ئەم قەیرانە بپارێزین و مووچەکان پێش جەژن بدرێن."
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق کە جگە لەو پۆستە، باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئەفغانستان و بەر لەوەش نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرۆکوەزیران [محمد شیاع] سوودانی گرنگی بە هاووڵاتیانی کوردی عێراق دەدات و نایەوێت بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] سزا بدرێن."
خەلیلزاد پێدانی مووچەی پێش جەژن بە "هەنگاوێکی یەکەمی گرنگ" دەزانێت بەرەو ئەو دانوستانانەی کە "زۆر پێویستن سەبارەت بەو پرسانەی کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە."
ئەم لێدوانەی خەلیلزاد لە کاتێکدایە کە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
رۆژی چوارشەممە، 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".
ئەو وەزارەتە لە نووسراوێکدا کە ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، دەڵێت: "داهاتى نەوتى و نانەوتى لە 2023 تاوەکو نیسانی ئەم ساڵى هەرێمى کورستان گەیشتووەتە 19.9 تریلیۆن دینار، بەڵام 598.5 ملیار دینارى رادەست کراوه."
لە وەڵامدا، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئەو رێکارەی وەزارەتی دارایی عێراق گرتوویەتییە بەر لەبارەی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجیی کردەیی، پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی مادەی 121ـی دەستووری عێراقە. لە دەقی ئەم مادەیەدا دەڵێت: "لە داهاتە فیدراڵییەکاندا داهاتی دادپەروەرانە بۆ هەرێمەکان و پارێزگاکان تەرخان دەکرێت بەشی پێداویستی و بەرپرسیارێتییەکانی بکات."