پارێزەرێک: کەسێک لەبەردەم دادگە تەقەی لە زاوایەکیان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزەر برزۆ سەعید دەڵێت، "بەیانیی ئەمڕۆ لەبەردەم دادگەی هەولێر، کەسێک تەقەی لە زاوایەکیان کرد."
 
رۆژی دووشەممە 2ی نیسانی 2025 برزۆ سەعید، پارێزەری راوێژکار لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خێزانە داوایان هەبوو لە دادگە. ماوەیەک پێش ئێستا کچێکیان خۆی کوشت، ئەوانیش زاواکەیان بە هۆکار زانی، هەربۆیە سکاڵایان تۆمارکرد؛ ئەمڕۆ ئەندامێکیان لەبەردەم دادگە تەقەی لەو کەسە کرد."
 
 
پارێزەر برزۆ سەعید گوتیشی، "تۆمەتبار دەستڕێژی گولـلەی کردووە و زاواکەیان سێ گولـلەی بەرکەوتووە، بەو هۆیەوە بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە."
 
ئەو پارێزەرە دەڵێت، "تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرا و ئێستا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکرێت."