بەڕێوەبەری ناحیەی پیران: سەربازێکی سوپای تورکیا لە رووباری هەزیر خنکا


رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەری ناحیەی پیران لە سنووری مێرگەسۆر رایگەیاند، سەربازێکی سوپای تورکیا لە رووباری هەزیر لە سنووری ناحیەی پیرانی سەر بە قەزای مێرگەسۆر خنکا.
 
شێرزاد حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی پیران بە وەکالەت، ئەمڕۆ شەممە 02-07-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەربازێکی سوپای تورکیا لە رووباری هەزیر خنکاوە و گوتیشی: "تیمێکی سوپای تورکیا بە هێلیکلۆپتەر سەربازەکەیان گواستووەتەوە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی پیران باسی لەوەش کرد، رووباری هەزیر سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستانە و سوپای تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە لەو شوێنە جێگیرکراون.
 
بەهۆی بەردەوامیی شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، 65 گوندی سنووری قەزای مێرگەسۆر 31 ساڵە چۆڵکراون و تائێستا دانیشتووانەکەی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
 
لیوای 2ـی پاسەوانیی سنووری عێراق بە درێژایی 240 کیلۆمەتر لە رووباری ئاڤاشین تاوەکو قەندیل 30 خاڵی سەربازییان داناوە.