پۆلیسی راپەڕین: تەرمی کەسێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و باوکی دەڵێت 'خۆی کوشتووە'
روداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، تەرمی کەسێک لە سنووری قەڵادزێ براوەتە نەخۆشخانە کە برین بە جەستەیەوە بووە و کەسوکارەکەی گوتویانە، "خۆی کوشتووە". گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، بۆ زانینی چۆنێتیی رووداوەکە تەرمەکەیان رەوانەی دادپزیشکی کردووە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تەرمی هاونیشتمانییەک بە ناوی (س، ق، م) لەدایکبووی ساڵی 1998، دانیشتووی گوندی دەوژان سەر بە ناحیەی ئیسێوە لە قەڵادزێ گەیێندرایە نەخۆشخانە کە شوێنەواری برین بە جەستەیەوە بوو.
لەبارەی رووداوەکەوە شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باوکی و براکانی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە دەڵێن: کوڕەکەیان بە تاپڕ خۆی کوشتووە، بەڵام ئێمە بۆ زانینی هۆکار و راستیی رووداوەکە لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە".
بەگوێرەی ئەوەی کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە، هیچ کەسێک لەسەر کوشتنی ئەو هاونیشتمانییە دەستگیرنەکراوە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، ئەوان تەرمی قوربانییەکەیان ناردووە بۆ دادپزیشکیی سلێمانی و هەرکاتێک راپۆرتی پزیشکییان پێبگات، "راستیی" رووداوەکەیان بۆ ئاشکرا دەبێت و بەگوێرەی ئەوە بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.