دووکاندارانی بازاڕچەکانی هیدایەت و ئەمینی نەغەدە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دووکاندارانی بازاڕچەکانی هیدایەت و ئەمینی نەغەدە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانیان کردووە. ئەوان زیانی زۆریان بەرکەوتووە. هەندێکیان دار و نەداریان داناوە و چاویان لەوەیە بە پشتیوانیی خەڵک هەڵبستنەوە و بگەڕێنەوە سەر کار و کاسبییان.
رۆژێک دوای ئاگرگرتنی ئەو دوو بازاڕچەیە، کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان دەستیپێکردووە. هەندێک وەستاکار و خاوەن پیشەش رایانگەیاندووە، ئامادەن بێ بەرامبەر هاوکاریی زیانلێکەوتووان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا 10%ی بڕی زیانەکانیش کۆنەکراوەتەوە.
ئاگرگرتنی بازاڕچەکانی ئەمین و هیدایەت بە ئەنقەست نەبوو، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەی دامودەزگا حکومییەکانی شارەکە، کەمتەرخەمیی تێدا بووە. لە یەک بژمێرەوە کارەبا دراوەتە چەند دووکان و بەو هۆیە زەختی زۆر لە کێبڵی سەرەکیی گواستنەوەی کارەبا دروستبووە و رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە.
کاژێر 09:00ی شەوی یەکشەممە 25-06-2023 ئاگر لەو دوو بازاڕە بەربووە. بەهۆی ئەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی نەغەدە هێزی مرۆیی و پێداویستیی تەواو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان نەبوو، ئاگرگرتنەکە زیاتر لە سێ کاژێر بەردەوام بوو و تەواوی کەلوپەلی نێو زیاتر لە 100 دووکانی ئەو بازاڕانە سووتان. سووتانی سامانی کۆمەڵێک گەنجی کوردی شارەکە کە بە چەندین ساڵ ماندووبوون وەسەریەکیان نابوو.