گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی دەستپێدەکات و 7ـی مانگیش گەڕانەوەی حاجییان لە رێگەی ئاسمانییەوە دەستپێدەکات.
رۆژی یەکشەممە، 2ی تەممووزی 2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی دووشەممە گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعودیەوە بە رێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و رۆژی 7ـی مانگیش گەڕانەوە لە رێگەی گەشتیی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکات.
نەبەز ئیسماعیل کە ئێستا خۆی لە سعودیەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئەمڕۆ چوار هاونیشتمانی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە و هەر لەوێ بەخاکسپێردراون.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەج ئەمساڵ چوار هەزار و 684 کەس بوو؛ لەو ژمارەیە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار 690 کەسیان لە رێگەی وشکانییەوە گەشتەکەیان کرد.
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ـی حوزەیران بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ـی حوزەیرانەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.