یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان و کەمدەرامەتان دابەش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشینان و کەمدەرامەتاندا دابەش دەکرێت. گوتەبێژەکەیان دەڵێت: "زیاتر لە 25 هەزار فۆڕم کۆدیان بۆ هاتووەتەوە، ئەوان سوودمەند دەبن."
رۆژی چوارشەممە دووی حوزەیرانی 2025، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا کارکردن لەنێو یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان و کەمدەرامەتاندا تەواو نەبووە، بەڵام بڕیارە بەم نزیکانە یەکەکانیان بەسەر دابەش بکرێت و بکرێتە موڵکی ئەوان، دوای تەواوبوونی کارەکانیان پارەکانیان لێوەردەگیرێت".
ئەو یەکانە بە قیستێکی 25 ساڵی بەسەر کەسانی کەمدەرامەت و کرێنشینان دابەش دەکرێت.
بە گوتەی مەریوان مەلا حەسەن، زیاتر لە 25 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و کۆدیان بۆ هاتووەتەوە. گوتیشی: "زیاتر لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دابەشدەکرێن."
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی دەڵێت، نرخی یەکەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە ناو سەنتەری هەولێر جیاوازە لەگەڵ دەشتی هەولێر، بەڵام بە قیستی مانگانە پێیاندەدرێت، کە لە نێوان 150 هەزار بۆ 170 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیکرد، دەربارەی دوا هەنگاوەکانی جیاکردنەوەی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی کە فۆرمی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی جیاکردنەوەی ناوەکان، بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی نوێنەری کرێنشینان لە ماوەیەکی نزیکدا ناوەکان رادەگەیێندرێت".
ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیارە بۆ کەمدەرامەتەکان دروست بکرێن 9 هەزار و چوار یەکەن، زۆرینەی کارەکانیان تەواو کراوە؛ 1356ـیان لە هەولێرن، لە سلێمانی 3876، لە دهۆک 2116، هەڵەبجە 192، لە ئیدارەی گەرمیان 360 یەکە، راپەرین 420 یەکە، زاخۆ 324 یەکە و سۆران 360 یەکەن. بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و کەمتری تەواو بووە، تاوەکو دەگاتە 13% .
27-1-2025 توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "یەکەکان کاری نوێیان تێدا نەکراوە، چونکە بودجەی دەوێت. هەرکات ناوەکان گەڕانەوە بۆ وەزارەت و بودجە دابینکرا، کار لە یەکەکان دەکرێت."
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، بۆ تەواوکردنی کاری سەرجەم یەکەکان، پێویستییان بە 267 ملیار دینارە.
رۆژی 8ـی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان، ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە"، تاوەکو 01-02-2024 پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەردەوام بوو.
جگە لە کەمدەرامەتان، بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.