کەشناسی: پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و بەرزترین پلەش لە گەرمیان دەبێت بە 49 پلەی سیلیزی. کەشناسانیش دەڵێن، لە سبەی پێنجشەممەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک کەشوهەوا جێگیر دەبێت.
کەشناسیی هەرێمی کورستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە؛ هەروەها خێرایی با 15 کیلۆمەتر بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنی، پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە و دواتر بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک جێگیر دەبێت.
ئەو کەشناسە دەڵێت، "هاوینی ئەمساڵ تەمەنی کورت دەبێت؛ مانگەکانی شەش و حەوت زۆر ئاسایی تێپەڕین. بەگوێرەی پێشبینییەکان، تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگەش گەرمای بەتین ناوچەکەمان ناگرێتەوە."
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سبەیەوە کەشوهەوا تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو بە نزیکەیی جێگیر دەبێت؛ لە هەولێر بەرزترین پلەی گەرما لەو ماوەیەدا 43 بۆ 44 پلەی سیلیزی؛ لە سلێمانی 42 پلە، لە دهۆک 43 پلە، لە هەڵەبجە 44 پلە، لە کەرکووک 45 پلە و لە گەرمیان 48 پلەی سیلیزی دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ چوارشەممە لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 43 پلەی سیلزی
سلێمانی؛ 41 پلەی سیلزی
دهۆک؛ 42 پلەی سیلزی
کەرکووک؛ 47 پلەی سیلزی
هەڵەبجە؛ 45 پلەی سیلزی
زاخۆ؛ 43 پلەی سیلزی
سۆران؛ 42 پلەی سیلزی
گەرمیان؛ 49 پلەی سیلزی