قایمقامی هەولێر: بڕیارە ناردنی بەنزین لە بەغداوە بۆ هەولێر دەستپێبکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی هەفتەیەکە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر گەیشتووەتە هەزار و 100 دینار، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکە راگرتنی بەشە بەنزینی عێراق بوو بۆ هەولێر. قایمقامی هەولێر دەڵێت، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغدا بەنزین بۆ شارەکە بنێرێتەوە.

رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئابی 2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەناردەی بەنزین بۆ هەولێر دەستپێبکاتەوە و بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا پڕۆسەکە دەستپێبکاتەوە.
 
پێشتر حکومەتی عێراق رۆژانە 216 هەزار لیتر بەنزینی بە شەش تانکەر بۆ هەولێر ناردووە و زیاتر لە 20 رۆژە رایگرتووە، قایمقامی هەولێر گوتی، "لەگەڵ گەیشتنی بەنزین بە هەولێر بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ دەبێت".
 
ئەو بەنزینەی حکومەتی عێراق رەوانەی هەولێری دەکرد لیتری بە 750 دینار دەدرایە شۆفێران.
 
جگە لە هەولێر کە لیرتێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە هەزار و 100 دینار، لە دهۆکیش بەهەمانشێوە بەرزبووەتەوە؛ لە سلێمانی و هەڵەبجەش بەراورد بە پێشتر، نرخ بەرزبووتەوە و لیترێک نۆرماڵ 950 دینارە؛ پێشتر لە تەواوی هەرێمی کوردستان لیترێک بەنزنینی نۆرماڵ 850 دینار بووە.
 
دوێنێ سێشەممە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕ کردەوە و دوای رێگەپێدان 3ـی تەممووز بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاکانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەکرێت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت".
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاند، "حکومەتی عێراق لە 10ـی تەممووزەوە پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بە 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر بەنزینە.