وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: پێنجشەممە 598 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی 6 دەگات

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی بڕی 598 ملیار دینار لە بەغداوە دەگاتە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر سبەینێ پێشنیوەڕۆ لیستی مووچە رادەگەیێنن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-08-2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە بڕی 598 ملیار دینار لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و هەر سبەینێ پێشنیوەڕۆ لیستی مووچەی مانگی شەش رادەگەیێنن.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی 598 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان کردووە.
 
بەپێی یاسای بودجە، شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 900 ملیار دینارە. بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، بە وەزارەتی داراییان گوتووە، ئەوان دەیانەوێت ئەو بڕەی دەینێرن، سێ هێندە بکرێت. 
 
 
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، لەمەودوا مووچەی هەرێمی هەرێمی کوردستانیش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدا دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە یەکی ئاب، محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، بەشێک لە پشکی هەرێمی کوردستانیان لە بودجەدا ناردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی پارەکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدایە.