وەزارەتی بازرگانیی عێراق وادەی خۆتۆمارکردنی لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وادەی خۆتۆمارکردنی لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک درێژکردەوە و دەڵێت، "25ـی ئاب کۆتا هەلە."
وەزارەتی بازرگانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاندووە، "بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی وادەی خۆتۆمارکردن لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک تاوەکو 25ی ئاب."
وەزارەتی بازرگانیی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە خۆتۆمارکردن "پەلە" بکەن و ئەمە کۆتا هەلە و دوای ئەو وادەیە خۆتۆمارکردن بەتەواوی رادەگیرێت.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو 31ـی تەممووز، لە هەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و 482 هەزار و دوو کەس فۆرمەکەیان نوێکردووەتەوە کە دەکاتە 83٪ـی کۆی دانیشتووان.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بەمشێوەیە بۆ رووداو خستەڕوو:
- هەولێر: ملیۆنێک و 690 هەزار و 947 کەس، بە رێژەی 85٪
- سلێمانی: ملیۆنێک و 653 هەزار و 879 کەس، بە رێژەی 84٪
- دهۆک: ملیۆنێک و 36 هەزار و 388 کەس، بە رێژەی 79٪
- هەڵەبجە: 100 هەزار و 788 کەس، بە رێژەی 88٪
فۆڕمی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی فۆڕمی خۆراک بۆ رووداو، بە سیستمە کۆنەکە زیاتر لە 5 ملیۆن و 378 هەزار هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.