بافڵ تاڵەبانی: ئەنفالکردنی بارزانییەکان برینێکی سەر جەستەی نیشتمانە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان برینێکی سەر جەستەی نیشتمانە و بەڵگەی ئەو سیاسەتە دڕندانەیەی رژێمی بەعسی لەناوچووە کە لە تەواوی شاڵاوەکانی ئەنفالدا بۆ سڕینەوەی ناسنامە و قڕکردنی گەلەکەمان پەیڕەوی دەکرد". 
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "لەم یادە پڕ لە ماتەمەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و قوربانییانی ئەنفال دادەنەوێنین و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەکەین".
 
42 ساڵ بەسەر جینۆسایدی بارزانییەکان تێدەپەڕێت، کە لەلایەن دەسەڵاتی پێشووتری بەعسی عێراقەوە زیاتر لە 8 هەزار کەسیان بێ جیاوازیی رەگەز و تەمەن بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران.
 
دوای جینۆسایدی بارزانییەکان، رژێمی ئەوکاتەی عێراق لە باشووری کوردستان هەڵمەتێکی فراوانتری جینۆسایدی کوردی دەستپێکرد، کە بە ئەنفال ناسراوە و بە لە 8 قۆناخ پێکدێت.
 
لە ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد دا، نزیکەی 190 هەزار هاونیشتمانی کۆمەڵکوژ، بێسەروشوێن و بە زیندوویی لە چاڵنران.
 
سەرۆکی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە "قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری سەربەرزی قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال تەنیا ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو هەوڵێکی کرداری و جدی حکومەتی عیراقە بۆ ساڕێژکردنی بەشێک لەم برینە گەورەیە". 
 
ئاماژە بەوەش دەکات: "باشترین وەفاداری بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، یەکڕیزی و یەکگوتاریی نیشتمانیمانە بۆ بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان". 
 
ئەو رووفاتانەی لە پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد دا تەرمەکانیان لە بیابانەکانی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ گەڕێندراونەتەوە لەم ناوچانە بەخاکسپێردراون:
 
چەمچەماڵ: 1010 رووفات
بادینان: 696 رووفات (بارزانییەکان)
گەرمیان: 399 رووفات
دووکان: 256 رووفات
تۆپزاوە: 80 رووفات