پارێزگاری ئیلام: لە هەفتەیەکدا 250 هەزار زیارەتکار بە دەروازەی مێهراندا هاتووچۆیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری ئیلام دەڵێت، لە 24 کاژێری پێش کاژێر 21:00ی رۆژی هەینیدا 70 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە دەروازەی سنووریی مێهراندا تێپەڕیون. ئاماژە بەوەش دەکات، هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازە سنوورییەکەوە بۆ مانگی سەفەر گەیشتووەتە 250 هەزار کەس.
 
ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی سەفەر (26ی تەممووز)ەوە تاوەکو کاژێر 21:00ـی رۆژی هەینی 01-08-2025 لانیکەم 250 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە دەروازەی سنووریی مێهراندا تێپەڕیون.
 
بە گوتەی ئەحمەد کەرەمی، زیاتر لە 70 هەزاریان تەنیا لە 24 کاژێری پێش کاژێر 21:00ی رۆژی هەینی هاتووچۆیان کردووە.
 
پارێزگاری ئیلام ئاماژەی بە "ئامادەیی تەواو"یان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران کرد و گوتی، "سەرجەم پێداویستییەکان بۆ خزمەتگوزاری دابینکراون و نزیکەی 400 گرووپ لە سەرانسەری پارێزگا، سەرقاڵی ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوەن بۆ زیارەتکاران."
 
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێ و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی مانگی ئاب. 
 
وەک ئەحمەد کەرەمی دەڵێت، بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران و راییکردنی رێوڕەسمە ئایینییەکە، هاوئاهەنگییەکی "زۆر باش" لەنێوان بەرپرسانی عێراق و ئێران هەیە، "ئەوە دەبێتە هۆی خێراتر تەواوکردنی مامەڵەی زیارەتکاران لە دەروازە سنوورییەکانی نێوانیان."
 
دەروازەی سنووریی مێهران بە دووریی 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی زڕباتیەیە کە بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکاری ئێرانی و بیانی هاتووچۆی پێدا دەکەن.