خێرخوازێک ئۆتۆمبێلێک دەبەخشێتە لێقەوماوانی غەززە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان دەڵێت، خێرخوازێک ئۆتۆمبێلێکی بەخشیوەتە رێکخراوەکە بۆئەوەی پارەکەی بگەیێندرێتە دەست لێقەوماوانی غەززە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا ئۆتۆمبێلەکە دەخرێتە زیادکردنەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 02-08-2025 حوسێن نەجمەدین رەسووڵ، سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، "هاووڵاتییەکی خەڵکی بەغدا، کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی بەخشیوەتە رێکخراوەکەمان، بۆئەوەی وەکو هاوکاری بگەیێندرێتە دەست لێقەوماوانی غەززە."
 
بە گوتەی حوسێن نەجمەدین رەسووڵ، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری "جاگوار"ی 2011یە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ببنە خاوەنی، دەخرێتە زیادکردنەوە.
 
سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان دەڵێت، دوای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکە، بەگوێرەی داخوازیی خاوەنەکەی، پارەکە لە هەر بوارێکەوە کە پێویست بێ، بۆ خەڵکی غەززە خەرج دەکرێت.
 
تاوەکو ئێستا چەندین کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراون.
 
حوسێن نەجمەدین رەسووڵ گوتی، "شۆفێری تاکسی بە سێ هەزار دینار بەشداریی کەمپەینەکەی ئێمەی کردووە؛ خێرخوازیشمان هەبووە بە یەک گوژمە 50 هەزار دۆلاری کردووەتە دیاری بۆ لێقەوماوان."
 
سەرپەرشتیاری ئەو رێکخراوە خێرخوازییە ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی لێقەوماوانی غەززە لەوپەڕی خراپیدایە و تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار کەس لەکاتی وەرگرتنی خۆراکدا کوژراون، تەقەیان لێکراوە و نزیکەی 150 کەسیش لە برسێتی مردوون.
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 60 هەزار کەس کە زۆربەیان سڤیل بوون.