نرخی کەلوپەلی خوێندن لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە
رووداو - هەولێر
لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکاندا، نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە. فرۆشیارێک دەڵێت، ساڵی رابردوو پاکێجێکی ئاسایی خوێندن بە 150 هەزار تمەن دەکڕدرا، بەڵام ئەمساڵ بە 400 هەزار تمەنیش ناکڕدرێت.
هەموو خەڵک توانای کڕینی پێداویستییەکانی قوتابخانە بۆ منداڵەکانی بەو نرخە زۆرە نییە.
بەپێی هەندێ راپۆرت، نرخی کەلوپەلی قوتابخانە لە پارێزگایەکی وەک ورمێ لە 40% بەرزبووەتەوە. ئەمە وایکردووە زۆر بنەماڵە نیوەی پێویستیی کەلوپەلی منداڵەکانیان پێبکڕێت.
لەم دۆخەدا تەنانەت توانایی ئابووری بنەماڵە مامناوەندییەکانیش کەمتر بووەتەوە، بەگوتەی خۆیان پاشکەوتیان چووەتە ئاو، گوشاری ئابووری رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و قەیرانیتر دەبێت، هەموو ئەمانە وایکردووە کە دابینکردنی کەلوپەلی قوتابخانە ببێتە کەڵکەڵەیەکی گرنگی بنەماڵەکان.
گرانی کەلوپەلی قوتابخانە تەنیا پەیوەندیی بە کەلوپەلە بیانییەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو کەلوپەلانەش گرانبوون کە بەرهەمی ناوخۆن. ئەمە وایکردووە بەشی زۆر بنەماڵەکان بە شوێنی کەلوپەلی کوالێتی نزمتری هەرزاندا بگەڕێن.
فرۆشیارێک دەڵێت: گەمارۆکان و کەڵکی خراپ وەرگرتنی بەشێک لە فرۆشیاران لە بازاڕ پەرەی بە گرانییەکان داوە.
موسا فەرزانیان، سەرۆکی یەکێتی کەلوپەلی قوتابخانەکان، دەڵێت: هیچ پێداویستییەک لە بازاڕدا کەمنییە.
بەگوتەی فەرزانیان، ئەمساڵ نیوەی کەلوپەلی قوتابخانەکان بەرهەمی ناوخۆیە و نیوەشی هاوردەیە.
لەم کاتانەی ساڵدا چاودێری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر بازاڕ زیاتر دەبێت، بەس کڕیاران گلەیی لەوە دەکەن کە چاودێرییەکان بە گوێرەی پێویست نەبووە و ئەمەش وایکردووە هەر کەس بە ویستی خۆی نرخەکان دیاریی بکات.
فەرزاد سەردارزادە، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و لێکۆڵینەوەی پارێزگای سنە، دەڵێت: لەم رۆژانەدا بە دواداچوونمان بۆ رەوشی بازاڕ کردووە و چەندین کەس کە گرانفرۆشییان کردووە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.