دەروازەی حاجی ئۆمەران: نزیکەی 40 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکەمانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، رۆژانە شەش بۆ حەوت هەزار زیارەتکار لە دەروازەکەیانەوە بۆ بەشداربوون لە چلەی ئیمام حوسێن دێنە هەرێمی کوردستان. لە دەروازەی باشماخیشەوە هاتنی زیارەتکاران بەردەوامە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رۆژی شەممە 02-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاتنی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازەکەیانەوە بەردەوامە و چەند لیژنەیەک بۆ باش بەڕێوەچوونی بەخێرهاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن پێکهێندراوە و بەڕێوەبەری گشتیی دەروازەکەش سەرپەرشتیی کارەکانی لیژنەکە دەکات.
هاوکات مەسعود باتێلی، بەڕێوەبەری گشتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رۆژی شەممە 02-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی چوار وێستگەوە پێشوازیکردن لە زیارەتکاران بەردەوامە. وێستگەکانی حاجی ئۆمەران و پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەرەکین. وێستگەکانی کانی ماران و شێراوەش لاوەکین؛ لەو وێستگانەدا چەندین تیم لە خزمەتی زیارەتکاراندان."
لە وێستگەکاندا ئامبوڵانس و پاس هەن بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو. مەسعود باتێلی دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا رۆژانە زیاتر لە 3 هەزار پاس زیارەتکارانیان گواستووەتەوە. گوتیشی، "ئێمە ئاگادارکرابووینەوە کە پێشوازی لە نزیکەی 500 هەزار زیارەتکار بکەین. لەسەر ئەو بنەمایە تیمەکانمان فراوانکردن و 55 کۆمپیوتەر لە کەمتر لە خولەکێکدا مامەڵەی هاتنەژوورەوەی 55 گەشتیار تەواو دەکەن؛ ئامادەکارییەکانمان بە شێوەیەک بوون کە رۆژانە بتوانین پێشوازی لە 50 هەزار زیارەتکار بکەین."
وەکو ئەوەی پێشبینی کراوە، زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە نەهاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستانەوە؛ مەسعود باتێلی ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە شەش بۆ حەوت هەزار کەس لە دەروازەکەیانەوە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 40 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەکەوە هاتوونەتە ژوورەوە.
بەڕێوەبەری دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەکارییان بۆ گەڕانەوەی زیارەتکارانیش کردووە و پێشبنی دەکەن دوای 6ی ئەیلوول گەڕانەوەی زیارەتکاران لە دەروازەکەیانەوە زیاتر بێت.
لە هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەن، کە جگە لە حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، دەروازەی باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانیدان، ئەمساڵ لە پەروێخانەوە پێشوازی لە زیارەتکاران نەکراوە، بەڵام هاتنی زیارەتکاران لە باشماخەوە بەردەوامە.
لە راگەیێندراوێکدا دەروازەی باشماخ رایگەیاندووە، لە دەروازەکەدا شوێنی بەڕێکردنی مامەڵەی زیارەتکاران کراوەتەوە بۆئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا مامەڵەی هاتنەژوورەوەیان بەڕێبکەن. هەروەها چەند لیژنەیەکی جیاواز لە دەروازەکە پێکهێندراون بۆ پێشوازیکردن لەو زیارەتکارانەی لە سنوورەکەوە دێنە هەرێمی کوردستان.