پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک: خۆپێشاندەران چادرەکانیان هەڵدەگرن و رێگەکە دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت دەڵێت، خۆپێشاندەران رازی بوون چادرەکانیان لابەرن و رێگەی نێوان کەرکووک - هەولێر بکەنەوە. 
 
لە پۆستێکی راکان سەعید جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) هاتووە، "دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک رایدەگەیێنێت پەلە لە چۆڵکردنی بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک ناکرێت،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بارەگایەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە هێزە عێراقییەکانی تێدا جێگیرکراوە و بەشێک لە خۆپێشاندەرانی عەرەب و تورکمان دژی چۆڵکردنی، چادریان لە بەردەمی لە سەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - هەولێر هەڵداوە. 
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، راکان جبووری "سەردانی خۆپێشاندەرانی بەردەم بارەگەی سەرکردایەتی کرد و لەبارەی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران قسەی لەگەڵ کردن. خۆپێشاندەرانیش بڕیاردەدەن چادرەکانیان بکشێننەوە، کۆتایی بە مانگرتن بێنن و رێگەکە بکەنەوە."
 
راگەیێندراوەکە دوای ئەوە هات، رۆژی شەممە 2-9-2023 کاژێر 17:00 هاونیشتمانیان لە کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکی نێوان کەرکووک- هەولێر لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە کە دژی ئەوەن بارەگاکانی پارتی لە شارەکە رادەستی ئەو حیزبە کوردستانییە بکرێنەوە. 
 
دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تەقە لە خۆپێشاندەران کرا
 
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی شەهیدەکان لە خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە سێ کەس بە ناوەکانی هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار سەعید کە پێشمەرگەن و سەمەد محەممەد رەمەزان کە خەڵکی سڤیلە و لەدایکبووی 2002ـە. هەر سێکیان بە فیشەک لە رەحیماوا شەهیدکراون."
 
لەبارەی ئاماری بریندارەکانیش عامر شوانی گوتی، تاوەکو ئێستا برینداربوونی 9 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
 
دۆخەکە کاردانەوەی تووندی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستانیشی لێکەوتەوە و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی کرد.