پێنج رۆژە منداڵێک لە زێی بچووکدا خنکاوە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پێنج رۆژە لە زێی بچووکدا گەڕان بەدوای تەرمی منداڵێک بەردەوامە. باپیری منداڵەکە داوای هاوکاریی زیاتر بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت، "لە ئاوەکەدا سەریم بینی، بەڵام بەهۆی خێرایی ئاوەکەوە دیارنەما. لەگەڵ خۆیدا بردی و نەمدۆزییەوە."
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 29-08-2023 شەهرام سامی، تەمەن پێنج ساڵان کە لەگەڵ خێزانەکەی بە مەبەستی سەیران چووبوونە سنووری ناحیەی گۆپتەپە لە ئاوەکەدا خنکا.
سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆیە، چەمچەماڵ و دووکان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمی ئەو منداڵەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
سامی، باپیری شەهرامە و دانیشتووی چەمچەماڵە. ئەو ئەمڕۆ شەممە 02-09-2023 لەبارەی رووداوەکەوە بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی سێشەممە کاژێر 12 هاتین بۆ سەر زێیەکە و کاژێر 14:30 بوو کە شەهرام کەوتە نێو ئاو و خنکا."