ماستەرپلانی نوێی کەرکووک؛ رووبەر دەبێتە دوو ئەوەندە و دانیشتووان سەرووی دوو ملیۆن

رووداو دیجیتاڵ

مشتومڕ لەبارەی نەخشەی نوێی بنەڕەتیی شاری کەرکووک گەرم دەبێت، کە تاوەکو 12 ساڵی دیکە رووبەرەکەی دەگەیێنێتە زیاتر لە 300 کیلۆمەتر و دانیشتووانەکەشی بۆ سەروو دوو ملیۆن. نەخشەکە چووەتە ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ پەسندکردنی.
 
کۆپییەکی رەشنووسی ئەو نەخشە بنەڕەتییە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کە تاوەکو ساڵی 2037ـە و بە چەند قۆناخێک جێبەجێ دەکرێت.
 
ئامانج لەو هەنگاوە فراوانکردنی سنووری شارەوانیی ناوەندی شارەکە و دیاریکردنی پڕۆژەکانیەتی بۆ ئەو ماوەیەی نەخشە بنەڕەتییەکە تێیدا جێبەجێ دەکرێت.
 
سنووری شارەکە لە 114 کیلۆمەتر چوارگۆشەوە تاوەکو ساڵی 2037 دەبێتە 351 کیلۆمەتر چوارگۆشە، بەوپێیە رووبەرەکەی زیاتر لە 60% زیاد دەبێت.
 
فراوانکردنی سنووری شارەکە بە چەند قۆناخێک دەبێت، زۆرترین فراوانبوون لە ساڵی 2027 دەبێت کە رووبەرەکەی 63 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیاد دەبێت.
 
ئەحمەد عومەر، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی ئەو نەخشە بنەڕەتییە گەڕەکەکانی شۆراو و فەیلەق کە زۆرینەى دانیشتووانیان کوردن دەچنە نێو سنووری شارەوانیی کەرکووک. ئەوە وا دەکات پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ بکرێت و زەوی لێ دابەش بکرێت."
 
ژمارەی دانیشتووانی ئێستای کەرکووک زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەسە، بەڵام بەگوێرەی نەخشەی نوێی بنەڕەتیی شارەکە پێشبینى دەکرێت تاوەکو 2037 ژمارەی دانیشتووانەکەی بگاتە دوو ملیۆن و 207 هەزار و 195 کەس.
 
ئەو زیادبوونەی دانیشتووانە لەسەر بنەمای رێژەی گەشەی 3.8%ی دانیشتووانی شارەکە کراوە، کە تاوەکو 2037 دەگاتە ئەو ئاستە و ئەو کاتە تێکڕای ژمارەی خێزانێک لە ناوەندی شارەکە 5.5 کەس دەبێت.
 
رەشنووسی ئەو نەخشە بنەڕەتییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی 3ی ئەیلوول ئەندامانی ئەنجوومەن وۆرکشۆپێک لەبارەی ئەو نەخشەیەوە بکەن وەک قۆناخی بەر لە تاوتوێ و پەسندکردنی."