سنە 10٪ ـی گەنمی هەموو ئێران دابین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 10٪ـی گەنمی هەموو ئێران لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە و رادەستی سایلۆکان و ناوەندە تایبەتەکانی وەرگرتنی گەنم کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2025، مووسا ئارتەن، بەڕێوەبەری دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم ساڵ لە سەرەتای وەرزی دروێنەی گەنمەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە و کڕینی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکە هێشتا بەردەوامە.
مووسا ئارتەن گوتی، تاوەکو ئێستا 10٪ی گەنمی هەموو ئێران لە جووتیارانی پارێزگای سنە وەرگیراوە کە زیاترینی لە شارەکانی بیجار، دیواندەرە، قوروە، دێوڵان و سەقز بووە کە 9.3٪ی گەنمی هەموو ئێران لەو پێنج شارەی پارێزگاکە بووە.
گوتیشی، لەسەر ئاستی پارێزگا 89٪ی ئەو گەنمەی لە جووتیاران کڕدراوە، لەو پێنج شارە بووە و 11٪ی دیکەش لە شارەکانی سنە، کامێران، بانە، مەریوان و سەوڵاوا بووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگای سنە، لە شاری بیجار 209 هەزار و 307 تۆن، دیواندەرە 140 هەزار و 225 تۆن، قوروە 129 هەزار و 521 تۆن، دێوڵان 116 هەزار و 540 تۆن و سەقز 114 هەزار و 295 تۆن گەنم لە لایەن جووتیارانەوە رادەستی سایلۆکان کراوە.
سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانیش، ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە دەڵێت، کۆی گشتیی گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی پارێزگاکە بایی 16 تریلیۆن و 600 ملیار تمەن بووە و تاوەکو ئێستا 94٪ی پارەکە کە دەکاتە 15 تریلیۆن و 519 ملیار تمەن خەرج کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای سنە پێشبینی کردووە، بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لەو پارێزگایە بگاتە یەک ملیۆن تۆن.
حکومەتی ئێران بریاری داوە، ئەم ساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 19 سەنت) لە جووتیاران بکڕێت. پار، حکومەت هەر کیلۆیەک گەنمی بە 17 هەزار و 500 تمەن (ئەو کات دەیکردە 24.5 سەنت و ئێستا دەکاتە 16 سەنت) لە جووتیاران کڕی.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لەو وڵاتە لە نێوان 10 بۆ 11 ملیۆن تۆن دەبێ کە بەراورد بە پار 30٪ کەمترە. لە کاتێکدا ئێران ساڵانە پێویستی بە 12 ملیۆن تۆن گەنم هەیە.