کارەبای سلێمانی: بەهۆی پڕۆژەی رووناكییەوە خواستی كارەبا 25% كەم بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت، بەكارهێنانی كارەبا بەهۆی پڕۆژەی رووناكییەوە خواستی لەسەر بەكارهێنانی كارەبا لە شارەکەدا 25% دابەزاندووە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەر ماڵێكی ئاسایی لە سلێمانی لە مانگێكدا تێکڕا چەند كیلۆواتێک كارەبا بەكاردەهێنێت.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی، لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بە كاتی سلێمانی)، كە رۆژانی سێشەممە ئاسۆ سەراوی لە رادیۆی رووداو پێشكێشی دەكات، رایگەیاند، پڕۆژەی رووناكی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك كارەبایەكی كەمتر بەكاربهێنێت، بە جۆرێك ئێستا خواست لەسەر بەكارهێنان 25% كەمی كردووە.
بە گوتەی گوتەبێژی كارەبای سلێمانی، "هەر ماڵێكی ئاسایی لە شاری سلێمانیدا مانگانە تێکڕا 850 كیلۆوات كارەبا بەكاردەهێنێت، كە دەگاتە نزیكەی 85 هەزار دینار."
سیروان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بەهۆی پڕۆژەی رووناكییەوە كارەبای 24 كاژێری لەنێو شاری سلێمانیدا هەیە، لەسەر ئاستی پارێزگاكەش 60% خەڵكەكەی كارەبای 24 كاژێرییان هەیە، هەر بەو هۆیەشەوە 602 موەلیدە لەنێو شاری سلێمانی كوژێندراونەتەوە.
ئەو بەرپرسەی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەی 684 ملیار دینار قەرزی لای خەڵك و دامودەزگەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، کە 84 ملیار دیناری لای دامودەزگەکانی حكومەتە.
547 هەزار هاوبەشی كارەبا لە سلێمانی هەن.