سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی سێنتکۆم جەخت لە پتەوکردنی کاری هاوبەش دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کۆبووەوە؛ لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی مەترسییەکانی داعش کرد و جەختیان لە پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان لەسەر ئەو پرسە کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، پێشوازیی لە ئەدمیراڵ چارلز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) و شاندێکی باڵای یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە پلەدارانی سەربازی و راوێژکارانی ئەمریکی ئامادە بوون، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش و سەربازیدا، تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی مەترسییەکانی داعش و هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و سووریا کرد. هاوکات، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییەکان، تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و پشتگیریی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە تێکشکاندنی داعش و پێشکێشکردنی یارمەتی و مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە، و هاوکاریکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.