سوودانی داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی تایبەت بە نەوت دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەکات بۆ ئەوەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانیش بەردەوام بێ، ئەوە بە گوێرەی سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
 
 ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی ئەیلوولی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد. سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق لە ئەندامانی شاندەکە بوو.
 
سۆران عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سوودانی گوتوویەتی، گوشارێکی زۆری لەسەرە، هەربۆیە داوای کرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت رادەست بکات تاوەکو ئەوانیش بتوانن لەسەر ناردنی مووچە بەردەوام بن." ئاماژەی بەوەش دا: "رەچاوی دۆخی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆیە مووچەی مانگی حوزەیرانیان ناردووە."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری گوتیشی، سوودانی باسی لەوە کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی نەبووە، بەتایبەت لەو شوێنانەی پەیوەندی بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە. 
 
"سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاتوون، لە داواکردنی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتەوە بۆ 230 هەزار و دواتر 140 هەزار بەرمیل، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێکی رادەست نەکردووە." ئەوە بە گوتەی سۆران عومەر.
 
 سەبارەت بە پرسی کۆمپانیاکانی نەوت، وەک سۆران عومەر دەڵێ، سوودانی گوتوویەتی، ئەو بابەتە "پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە. حکومەتی عێراق هیچ پەیوەندییەکی بەو رێککەوتنەوە نییە. هەر بۆیە دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستەی رابردووی کۆمپانیاکان بدات کە نزیکەی دوو ملیار دۆلارە."
 
سۆران عومەر باس لەوە دەکات، نامەیەکی داوەتە محەممەد شیاع سوودانی و تێیدا باسی دۆخی گوزەرانی خەڵک، بە تایبەتی فەرمانبەر، خانەنشین و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە و داوای کردووە هەوڵ بدرێ کێشەکان چارەسەر بکرێن تاوەکو ناردنی مووچەش بەردەوام بێ. 
 
هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێککەوتنەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکان و کاریگەریی پابەندبوون بە جێبەجێکردنیان لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەروەها گفتوگۆ سەبارەت بە گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرا.
 
وەک راگەیێندراوەکە دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە "حکومەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر هاووڵاتییانی لە سەرانسەری عێراق، هەوڵی داوە چارەسەری دەستووری، یاسایی و یاسادانانی گونجاو بۆ پرسی شایستە داراییەکان و سووککردنی باری سەرشانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە."
 
سوودانی گوتوویەتی: "رێگە نادات ناکۆکییەکان ببنە هۆکار بۆ ئەوەی هاووڵاتی باجێکی قورس بدات، ئینجا لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی دیکە،" ئەوە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.