کرێکارێکی پرۆژەی رێگەی کۆیە - هەولێر لەسەر کارەکەی گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کرێکارێکی پرۆژەی رێگەی هەولێر - کۆیە، لەسەر کارەکەی رۆڵە (عادیلە) بەسەریدا رۆیشت و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
محەممەد خالید، بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێگەی هەولێر - کۆیە لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کرێکارەکە لە تەنیشت عادیلەکە خەوتبوو، شۆفێرێکی دیکە ئاگای لێ نەبووە و عادیلەکەی خستووەتە کار و بەسەریدا رۆیشتووە".
رووداوەکە نزیک کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ روویداوە. ئەو کرێکارەکەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی گوندێکی ناوچەکەیە بە ناوی گوندی حاجی وسوو.
تیمێکی پۆلیسی هەولێر چوونەتە شوێنی رووداوەکە و شۆفێری رۆڵەکەیان دەستبەسەر کردووە.
تەرمی هاونیشتمانییەکە رەوانەی دادپزیشکیی کۆیە کراوە.
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستداوە باوکی پێنج منداڵە".
بەگوێرەی ئاماری سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 21ـی ئاب، 32 کارێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە.