خواردن و سەوزە و میوەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بەفیڕۆدەچن
رووداو - هەولێر
بەپێی ئامارە جیهانییەکان نزیکەی 45%ی ئەو میوە و سەوزەی کە بەرهەمدێت بەفیڕۆدەدرێت. لە هەرێمی کوردستانیش هیچ سیستەمێکی جیاکردنەوەی زبڵەکان نییە کە دواتر پرۆسەی ریسایکلینی بۆ بکرێت.
کەمال عومەر دووکاندارە و باسی بەفیڕۆدانی سەوزە و میوەی کرد، بە قسەی ئەو بێت، رۆژ نییە زیاتر لە دوو حاوییەی گەورەی زبڵ میوە و سەوزە فڕێنەدات، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی میوە و سەوزەکان هیچ لەکەڵک نەکەوتوون و تەنیا نیشانەیەکی کەم لە خراپبوونیان پێوەیە.
کەمال عومەر دەڵێت "من هەموو رۆژ دوو حاوییە زبڵ لەو سەوزە و میوەیە فڕێدەدەم، سێوەکان زۆر جوانن و بۆ خواردن عەیبیان نییە بەڵام لای من نافرۆشرێت، بەخوا لەوانەیە مانگی بایی پێنج ملیۆن زیاتر [سەوزە و میوە] فڕێبدەم، ئەو سەوزە و میوەیەی ئێستا دەیبینیت].
ئەوەی کە رەنگە تاڕاددەیەک نامۆ و زۆریش جێی سەرنج بێت، بەفیڕۆدانی ژەمێک یان نیو ژەمە لە خواردن، کە تەنیا بەشێکی کەمی لێ خوراوە، کە کارمەندانی پاکوخاوێنیی شار دەدوێنیت، لە قسەکانیاندان کارەسات دەبیستیت.
سەردار جەلیل کارگوزاری شارەوانییە و دەڵێت "زۆر حاوییە هەیە هەموو پاشماوەکی تێدایە، لە نان، لە خواردن و لە حەفازە، پێمان ناخۆشە، خواردن هەیە رۆژانە کەس پێی ناخورێت، هەموو جۆرە خواردنێک فڕێدەدرێت، نیو ماسی فڕێدراوە، کەباب فڕێدراوە و سەموون گەرمە فڕێدراوە".
جادر فەتاح، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی کۆمپانیای باخی پڕ گووڵ دەڵێت "ئەوەی زەحمەت بۆ ئێمە دروستدەکات بریتییە لە تێکەڵەی خۆراکەکان، لێکجیاکردنەوەی بڕگەکان نییە، بۆ نموونە پلاستیک بە تەنیا بێت، خواردنی شلە بە تەنیا بێت، یاخود ئاوەکە و مەوادەکانی کە بەکاردێن بە تەنیا بن، ئێمە کە کۆیدەکەینەوە هەمووی بەیەکەوە کۆدەکەینەوە و دەیبەین بۆ شوێنی دیاریکراو".
سەردار ستار، بەرپرسی پاککردنەوەی بەشی شارەوانیی سێ دەڵێت "ئەو مەوادی خواردەمەنیانەی کە فڕێدەدرێن، بەتایبەت حاویەی ماڵان، کە رێژەیەکی زۆری پێکدێت لە خواردەمەنیی زیادە و بەفیڕۆدراو، فڕێدراوەتە ناو حاویەکان، بەڕاستی ئەوانە لایەنی تەندروستی و بۆنەکەی زەحمەتە بۆ ئەو کرێکارانەی کە ئیشی تێدا دەکەن".
هەرچی بەفیڕۆدانی خۆراک و میوە زیاتربێت گازی میسانیش لە زبڵخانەکان زیاتر دروستدەبێت کە تەنانەت لەدوای ژێرخاککردنی زبڵەکان دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و پیسبوونی ژینگە.
فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی ئاماژە بەوە دەکات "بەشێوەیەکی رێژەیی نزیکەی 35% بۆ 37% ئۆرگانیک ماتریاڵە، واتە ماددەی خۆراک و خواردن و شتەکانە، رۆژانە 600 بۆ 650 تراکی لەم شێوەیە لە قەبارەی بچووک و مامناوەند و گەورە تاوەکو دەگاتە تڕێلە، دێتە زبڵخانەی کانی قرژاڵە، بەداخەوە ئەمانە پێکهاتەیان تێکەڵاوە، یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکان کە بڕی خۆراک زۆرە، ئەوەیە ئەم خۆراکە کە ژێر خاکی دەکەین دواتر شیدەبێتەوە و دەبێتە گاز، گازی میسانی لێ دروستدەبێت، ئەم گازە گازێکە دەسووتێت، قابیلە بۆ سووتاندن، ئەگەر ئێمە کۆنترۆڵی نەکەین دەبێتە هۆی ئاگر و دووکەڵ کە بەڕاستی ژینگەی ئەم شوێنە پیسدەکات".
لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن تۆن خۆراک بەفیڕۆدەدرێت.