لە سلێمانی شەقامێک بە ناوی نووسەر و رۆژنامەنووس مستەفا ساڵح کەریم دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئامانج و نیاز دوو کوڕەکەی نووسەر و رۆژنامەنووس مستەفا ساڵح کەریم، سەرقاڵی ئامادەکردن و خاوێنکردنەوەی ئەو جێگەیەن کە شەقامەکەی لە پای 69 ساڵ خزمەت بە ئەدەبی کوردی لە گەڕەکی عەقاری بە ناوی باوکیانییەوە دەکرێت.
 
ئامانج مەستەفا، کوڕی مستەفا ساڵح بە رووداوی راگەیاند "هەڵبەت گرنگە ئەم شەقامە بەناوی باوکمەوە دەکرێت، چونکە گەڕەکی عەقاری گەڕەکێک بووە هەر لەکۆنەوە کەسی رۆشنبیر و ناوداری شاری لێبووە، ئەم شەقام و گەڕەکە پەیوەندییەکی رووحی لەگەڵ باوکم هەیە."
 
هەرچەندە لە ساڵی 1949 و لە قۆناخی چوارەمی ئامادەی مستەفا ساڵح کەریم بەهۆی چالاکی سیاسی لە خوێندن دووردەخرێتەوە، بەڵام هەر هەمان ساڵ دەستدەکات بە نووسین و لە ساڵی1958ـیش یەکەمین کتێبی بەناوی (زڕەی زنجیر) بڵاودەکاتەوە.
 
نیاز مستەفا، کوڕی مستەفا ساڵح کەریم دەڵێت "رۆشنبیری کورد زۆر لاواز بوو، باوکم ناچار هەستا شتێک بکات ئەوکات لە مەکتەبی مەڵکەنی بوو، کتێبێکی نووسی و بڵاویکردەوە بە کوردی و عەرەبی بەناوی رابەر، مورشەد."
 
جگە لە نووسینی کورتە چیرۆک، رۆژنامەنووسی کارێکی دیکەی بووە و لەساڵی 2001 تاوەکو ئەو رۆژەی کۆچی دوای کردووە، جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بووە، دامەزرێنەری گۆڤاری دەنگی مامۆستایان بووە، دوو ساڵیش وەکو خۆبەخش لە رۆژنامەی ژین کاری کردووە.
 
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی گوتی "هەرزەکارێک بووم دەچوومە لای بابەتم بۆ دەبرد لە رۆژنامەی ئیتیحاد، وردە وردەهێنامان تاوەکو 25 ساڵ کارمان کرد پێکەوە هەر لە سەندیکا و مەکتەبی راگەیاندن و هەفتەنامەی ئیتحاد، زۆر هاوکارم بووم دەتوانم بڵێم مامۆستام بوو نەک تەنیا هی من بەڵکو هی هەموو کەسێک بوو لەگەڵ گەنج، گەنج و کەسێکی خۆش مەشرەب بوو، کەسێک بوو گرنگی بە جێندەر دەدا."
 
لە ساڵی 1974 وەکو نووسەرێکی سەربەخۆ چووەتە ریزی شۆڕشەوە و پاشان دەبێتە بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق، بەشێک لە نووسینەکانی تایبەت بوون شانۆگەری و شانۆ نامەی پەتاسپیکەی چیکی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
 
حەمەرەشید هەرەس، هاوڕێی مستەفا ساڵح کەریم دەڵێت، "مامۆستا مستەفا یەکێک بوو لە رۆشنبیرەکانی ساڵەکانی پەنجاکان و شەستەکان و هەفتاکان و تاوەکو کۆچی دوایکرد، دەستێکی باڵای هەبوو لە نووسین و دەورێکی کارای هەبوو لە خزمەتی ئەدەبدا، من بە کاری مامۆستای چوومە شۆڕش و شاخ ئەو منی بردە ناو کاری راگەیاندن و وەکو مامۆستا بووە."
 
لە ساڵی 1970 بۆ 1974 لە چوار کۆنفرانسی یەکێتیی نوسەرانی کورد بە سکرتێری لقی سلێمانی یەکێتییەکە هەڵبژێردراوە، لەساڵی 1978ـیش بە سەرۆکی لقەکە هەڵبژێردراوە و بەشداری لە هەموو چالاکییەکانی یەکێتیی نوسەرانی کورد کردووە.
 
مستەفا ساڵح کەریم لە ساڵی 1933 لە سلێمانی لە دایکبووە و دوای دوو ساڵ لە تووشبوونی بەنەخۆشی شێرپەنجە لە ساڵی 2018 کۆچی دوایی دەکات، هەر لە سلێمانی بەخاک دەستپێردرێت.