پەکەکە و تورکیا ئاماری مانگی ئەیلوولی شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاماری شەڕوپێکدادانی مانگی ئەیلوولی لەگەڵ سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 150 سەربازیان کوشتووە و 5 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش گیانلەدەستدانی 138 گەریلای بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، لە مانگی ئەیلوولدا هێزەکانی سوپای تورکیا 149 جار بە فڕۆکەی جەنگی پێگەکانی پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە؛ 8 لەو بۆردوومانانە "چەکی قەدەخەکراویان تێدا بەکارهێندراوە" و لە ئەنجامدا 5 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.  
 
هەپەگە هەروەها دەڵێت، هەر لەو مانگەدا گەریلا 507 جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا 150 سەرباز و گوندپارێزێک کوژراون و 38 سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
هاوکات عەقید زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، شەڕیان لەگەڵ پەکەکە بەردەوامە و باس لەوەش دەکات، لە مانگی ئابدا 138 گەریلا لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە. زەکی ئاکتورک گوتیشی، ژمارەکە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 1351 گەریلا بووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە مانگی ئەیلوولدا شەش سەربازیان لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکەدا کوژراون. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.