بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرە دەبەستێت و پۆستی رابەر یەکلایی دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو 30ـی ئەیلوول کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە ئامادەبوونی هەردوو باڵەکەی بەڕێوەبچێت و پۆستی رابەر لە نێوان هەردوو باڵەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بایکۆتی باڵێکیان، کۆنگرەکە نەکرا، بڕیارە سبەی لە شاری سلێمانی کۆنگرەکە ببەستن. گوتەبێژی باڵێکی بزووتنەوە دەڵێت، دەرگا بۆ هەموو ئەندامێکی بزووتنەوە کراوەیە بەوانەشەوە کە نیگەرانن. باڵەکەی دیکەش دەڵێن، بڕیاریان نەداوە بەشداری دەکەن یان نا.
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەبدوڵڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان (باڵی عیرفان عەبدولعەزیز) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، سبەی سێشەممە کۆنگرە دەبەستین".
دوای زیاتر لە ساڵێک لە کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان کەسایەتییەکانی حیزبەکەدا لەسەر پۆستی رابەری گشتی لەنێوان عیرفان عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی کە هەردووکیان ئێستا خۆیان وەکو رابەر دەناسێنن، بڕیاربوو 30ـی ئەیلوول کۆنگرەی حیزبەکە بەڕێوەبچێت و هەردوو باڵی ناکۆک بەشداریی کۆنگرەکە بکەن. بەڵام پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە باڵی کامیلی حاجی عەلی بایکۆتیانکرد و گوتیان کەسی زیاتر لە لایەنی بەرامبەر ناوی بۆ کۆنگرەکە تۆمارکراوە.
عەبدوڵڵا وەرتێ رەتیدەکاتەوە بەڕێوەنەچوونی کۆنگرە لە 30ـی ئەیلوول پەیوەندی بە بایکۆتی کامیل حاجی عەلی و هاوڕێکانییەوە بێت و دەڵێت، "بەگوێرەی کۆمیسیۆن دەبوو لە خولی یەکەمی کۆنگرەدا هەزار و 176 ئەندام ئامادەبن، بەڵام ئێمە هەزار و 70 ئەنداممان ئامادەبوو؛ چەند ئەندامێکمان بەهۆکاری جیا نەهاتبوون، تەنیا ئەوە هۆکاری دواخستنی کۆنگرەکە بوو."
سبەی تەنیا سێ رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دواخستنی کۆنگرەکەدا. گوتەبێژەکەی بزووتنەوە دەڵێت، "بەگوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، سبەی بە 250 ئەندامیشەوە دەتوانین کۆنگرە ببەستین، چونکە رێکارەکانی خولی یەکەمی کۆنگرە جیان و سبەی خولی دووەمە، بەدڵنیاییەوە بەگوێرەی پێویست ئەندام ئامادە دەبن و کۆنگرە دەبەستین".
رووداو لەگەڵ بەرپرسانی لایەنەکەی دیکەی بزووتنەوەی ئیسلامی بە رابەرایەتی کامیل حاجی عەلی قسەیکرد، ئەوان نایانەوێت هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو، کە سبەی سێشەممە بەشداریی کۆنگرە دەکەن یان نا. بەرپرسێکی ئەو باڵەی بزووتنەوە گوتی: "لە راوێژداین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین، دواتر هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە."
لە بەرامبەردا عەبدوڵڵا وەرتێ گوتی: "دەرگای کۆنگرە بۆ هەموو کەسێک کە نیگەرانیش بن کراوەیە، ئەگەر ئەوان [باڵی کامیل حاجی عەلی] باوەڕیان بەئازادی و هەڵبژاردن هەیە دەتوانن بەشداریی کۆنگرەکە بکەن."
ئێستا هەردوو لایەنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان خۆیان بە خاوەنی ئاڵا و لۆگۆ و مێژووی حیزبەکە دەزانن، لایەکیان عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەر دەناسێنێت و لایەکەی دیکەش کامیل حاجی عەلی، چاوەڕوان دەکرێت سبەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرپەرشتیکردنی کۆنگرەکە کێشەکانی حیزبەکە یەکلایی بکاتەوە لایەنێکیان ببەنە خاوەنی فەرمی ئاڵا، لۆگۆ و مێژووی حیزبەکە و یەکێک لەو دوو کەسایەتییەکەش ببەنە رابەری گشتی.
کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان 5ـی شوباتی 2022 بەسترا؛ ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی و لە رێوڕەسمی جیادا هەردووکیان خۆیان وەکو رابەر ناساند. ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆنگرەکەدا کامیل حاجی عەلی کە تەنیا بەربژێریش بوو نەیتوانی 50+1ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەشێکی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە داوایان لە عیرفان عەبدولعەزیز کرد بەردەوامبێ لە رابەرایەتی حیزبەکە، لایەکەی بەرامبەریش رایانگەیاند، رابەری پێشوو ئەو مافەی نییە بەردەوام بێت لە پۆستەکەی.