پارێزگاری کەرکووک دامەزراندنی 7 هەزار کەسی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک دامەزراندنی 7 هەزار کەسی بە گرێبەست لە پارێزگاکە راگەیاند و دەرچووان دەتوانن لە هەفتەی داهاتووەوە فۆرمی دامەزراندن پڕبکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سێشەممەی داهاتوو لینکی دامەزراندنەکە کارا دەبێت و دامەزراندنەکە لە رێگەی لینکێکی ئەلیکترۆنییە و سەر بە پارێزگایە.
پارێزگاری کەرکووک لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندنەکەوە گوتی، "هیچ کەسیک ناتوانێت دەستوەردان لە دامەزراندنەکە دا بکات و هەموو وردەکارییەکانی دامەزراندن دیاریکراون و بە گوێرەی کێبڕکێ دەبێت."
رووداو بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، زانیاریی لەبارەی دامەزراندنی ئەو 7 هەزار کەسە ئاشکرا کردبوو.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کردنەوەی دەرگەی دامەزراندن بۆ 7 هەزار و 304 کەس بەشێوەی گرێبەست رابگەیێنێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی رێکارەکان، ئەو کەسانەی داوای دامەزراندن دەکەن، لە رێگەی بەستەرێکی ئەلیکترۆنییەوە داواکارییەکانیان پێشکێش دەکەن و بەگوێرەی پێوەرەکان وەردەگیرێن، هەروەها هەوڵدەدرێت رەچاوی هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک بکرێت.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، پشکی کەرکووک لە دامەزراندنی 150 هەزار کەس بەشێوەی گرێبەست، 7 هەزار و 304 کەسە، کە جگە لە کەرتی پەروەردە، سەرجەم کەرتەکانی دیکە دەگرێتەوە.
بۆ وەرگرتن چەند پێوەرێک دانراون، لەوانە؛ پێویستیی دامەزراوەکان و رێژەی دانیشتووانی قەزا و ناحیەکانی پارێزگاکە.
پێشتر چەند جارێک وادەی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ ئەو دامەزراندنە راگەیێندرابوو، بەڵام بە هۆکاری جیا جیا دواخرابوو.