پاسپۆرتی سلێمانی: ئەوانەی بەهۆی رژێمی بەعسەوە پەنابەر بوون لە ئەگەری گەڕانەوەدا قەرەبوو دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، ئەوانەی لەکاتی رژێمی بەعسدا ناچار بوون هەرێمی کوردستان و عێراق جێبهێڵن و ئێستا بەڵگەنامەی فەرمیی وڵاتێکی دیکەیان هەیە، لەکاتی گەڕانەوەیاندا بە زەوی و پارە قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-10-2025، سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی دیەوێت ئەو هاووڵاتی و هاونیشتمانییانە بگەڕێنێتەوە لە ساڵانی 1968 بۆ 2003، بەهۆی حکومەتی بەعسەوە پەنابەر بوون و عێراق و هەرێمی کوردستانیان جێهێشت.
لەو ماوەیەدا پەنابەرەکان کە زیاتر کورد بوون، روویان لە ئێران و تورکیا کرد و بەشێکیان ئێستا بەڵگەنامەی فەرمیی ئەو وڵاتانەیان هەیە. سالار عەبدوڵڵا گوتی، ''وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە، یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە خۆی هەیە.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، ئەو کەسانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، پێویستە بەڵگەیەکی فەرمییان بەدەستەوە بێت بیسەلمێنێ لەو ماوەیەدا لەو وڵاتانە بوون، ''ئەو کات دەگەڕێنەوە و سەردانی قایمقامییەتەکان دەکەن و فۆرمێکی تایبەتیان بۆ پڕدەکرێتەوە''.
دوای پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان لە کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێ بوون، مامەڵەکانیان دەنێردرێتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کار بۆ قەرەبووکردنەوەیان دەکرێت.
وەک سالار عەبدوڵڵا دەڵێت، ''قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە بە شێوەیەک دەبێت هەر خێزانێک لەکاتی گەڕانەوەیدا، چوار ملیۆن دینار وەکو دیاری وەردەگرێت، هەروەها پارچەیەک زەویشیان پێدەدرێت.''
ساڵی 1991 بە هەزاران کەس لە ترسی هێرشی پێچەوانەی رژێمی بەعس لە کاردانەوەی راپەڕینی ئاداری هەمان ساڵ، بەپێ ملی رێگەیان بەرەو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گرتەبەر، بۆ ئەوەی پەناگەیەکی ئارام بدۆزنەوە کە تاوەکو ئێستاش بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە.
هەروەها لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەشدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بەرەو ئێران و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆیشتن و لە کەمپەکاندا گیرسانەوە.