بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد؛ حیزبە کوردستانییەکان کەی و چۆن بانگەشە دەکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سبەی، 3ی تشرینی یەکەمی وەکو دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حیزب و بەربژێرە بەشداربووەکان دیاری کرد. بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکە هێشتا کاتی دەستپێکی بانگەشەیان دیاری نەکردووە.
پارتی و یەکێتی هێشتا رۆژی دەستپێکی بانگەشەیان دیاری نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەفتەی داهاتوو هەردوو حیزب دەست بە بانگەشە دەکەن.
هەریەکە لە یەکگرتوو، رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل، لە سبەیەوە بانگەشە دەستپێدەکەن، هەروەها بڕیارە حیزبی سۆسیالیست سبەی هەینی و کۆمەڵی دادگەری رۆژی شەممە کاتی دەستپێکی وادەی بانگەشە دیاری بکەن.
بەگوێرەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، رۆژی 8ی مانگی داهاتوو وادەی بانگەشە کۆتایی دێت و 11ی هەمان مانگیش هەڵبژاردن دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ رۆژێک بۆ دەستپێکردنی رێوڕەسمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە."
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتیشی: "کاتێکی زۆرمان لەبەردەستە و لە دیاری کردنی رۆژەکە پەلەناکەین."
بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان
هەولێر: 30 بەربژێر
سلێمانی: 36 بەربژێر
دهۆک: 22 بەربژێر
نەینەوا: 63 بەربژێر
کەرکووک: 24 بەربژێر
هاوکات، دارا خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، "بەپێی رێنمایی و یاساکانی کۆمیسیۆن، بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بە رەچاوکردنی پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی کورد بانگەشە دەستپێدەکەین."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی: "هەوڵ دەدەین باشترین کەسەکان بنێرینە بەغدا، چونکە لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال، بۆشاییەکی گەورە لە رۆڵی کورد لە بەغدا دروست بووە و هەوڵ دەدەین بەشێک لەو بۆشاییە پڕ بکەینەوە و رۆڵەکە بگەڕێنینەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "بەدەستهێنانی مافی هاونیشتمانیانمان لە بەغداوە دەکرێت نەک هەولێر، بۆیە هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی دەدەین و پێگەمان بەهێزتر دەکەین."
بەربژێرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
هەولێر: 30 بەربژێر
سلێمانی: 36 بەربژێر
دهۆک: 5 بەربژێر
نەینەوا: هاوپەیمانی
دیالە: 28 بەربژێر
کەرکووک: 24 بەربژێر
یەکگرتوو: لە دوای کاژێر 12ی شەوەوە دەستپێدەکەین
سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە وایە کە لە کاژێر 12:00ی ئەمشەوەوە بە دروشمی (دەنگی ئێوەین)، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکەین و رۆژانی دواتریش پۆستەرەکانمان هەڵدەواسین."
"لە سەرجەم پارێزگاکان و لە زۆربەی مەڵبەندەکانمان رێوڕەسمی جیاوازمان دەبێت و بەربژێران تێیدا بەشدار دەبن، لە بەشێکی رێوڕەسمەکانیشدا ئەمینداری گشتی گوتاری دەبێت."
بەربژێرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
هەولێر: 4 بەربژێر
سلێمانی: 8 بەربژێر
دهۆک: 4 بەربژێر
کۆمەڵ: رۆژی شەممە دەستپێکی بانگەشە دیاری دەکەین
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە دوای کاژێر 12:00 لە رێگەی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە بانگەشە دەستپێدەکەین، بەڵام هێشتا رۆژی دەستپێکی مەیدانیی بانگەشە دیاری نەکراوە."
عەبدولستار مەجید گوتی، "رۆژی شەممە سەرکردایەتی حیزب کۆدەبێتەوە و رۆژی بانگەشە و دروشمەکەی دیاری دەکات."
بەربژێرانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان
هەولێر: 5 بەربژێر
سلێمانی: 5 بەربژێر
دهۆک: 4 بەربژێر
هەڵوێست: بە درووشمی 'متمانە نادۆڕێنین' دەست بە بانگەشە دەکەین
ئیدریس محەممەد، رێپێدراوی رەوتی هەڵوێست بۆ کاروباری هەڵبژاردن بە رووداوی راگەیاند، "لە سبەیەوە لە سۆشیاڵ میدیا دەست بە بانگەشە دەکەین، بەڵام هێشتا کاتی دانانی پۆستەرەکان دیاری نەکراوە."
گوتیشی، "بە دروشمی (متمانە نادۆڕێنین)، بەشێوازێکی مەدەنییانە بانگەشەمان دەستپێدەکەین."
ئیدریس محەممەد ئاماژە بەوە دەکات، "کار بۆ ئەوە دەکەین و بەهیواین لە هەولێر زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنین."
بەربژێرانی رەوتی هەڵوێست
هەولێر: 12 بەربژێر
سلێمانی: 18 بەربژێر
دهۆک: 4 بەربژێر
بەرەی گەل: بە درووشمی 'بەردەوامین' بانگەشە دەکەین
شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی باڵای بەرەی گەل بە رووداوی گوت، "بە درووشمی (بەردەوامین)، لە کاژێر 12:00ی ئەمشەوەوە لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا بانگەشەمان دەستپێدەکەین."
ئەو لێپرسراوەی بەرەی گەل گوتی، "بانگەشەمان تەنیا لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا دەبێت، بەڵام چەند رۆژێکە دەزگای زانیاری و یەکێتی ریپۆرت لە پەیجەکانمان دەدەن، بۆئەوەی لاوازیان بکەن."
بەربژێرانی بەرەی گەل
هەولێر: 4 بەربژێر
سلێمانی: 11 بەربژێر
دهۆک: 5 بەربژێر
کەرکووک: 5 بەربژێر
سۆسیالیست: ئامادەکاریی تەواومان کردووە
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا بە فەرمی رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەمان دیاری نەکردووە، بەڵام سبەی کۆبوونەوەمان دەبێت و رۆژ و شێوازەکەی دیاری دەکەین."
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، " ئامادەکاری تەواومان بۆ هەڵبژاردن کردووە و لە پێنج بازنەدا 23 بەربژێرمان دەبێت."
بەربژێرانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
هەولێر: 4 بەربژێر
سلێمانی: 4 بەربژێر
دهۆک: 5 بەربژێر
دیالە: 5 بەربژێر
کەرکووک: 5 بەربژێر