مامۆستایەکی کورد لە 10 باشترین مامۆستاکانی جیهانە

رووداو دیجیتاڵ
 
مامۆستایەکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە یەکێک لە 10 مامۆستا باشەکانی جیهان، دەستنیشانکرا.
 
سورەیا موتەهەرنیا، کە مامۆستای قۆناخی سەرەتایییە لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەن بڕوانامەی زانستە رامیارییەکانە و چەندین ساڵە سەرقاڵی وانە گوتنەوەیە لە شاری بیجار و شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
سورەیا موتەهەرنیا جگە لە وانە گوتنەوە، بەردەوام هاوکاری دەروونی پێشکەشی قوتابییان کردووە، تاوەکو بتوانن لەکاتە سەختەکاندا لە خوێندن دانەبڕێن. هەروەها هاوکاری منداڵانی نەخۆش و کەمئەندامی کردووە بۆ ئەوەی لە خوێندن دانەبڕێن.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دەستنیشانکردنی سورەیا موتەهەرنیا وەک باشترین 10 مامۆستای جیهان، بەردەوامبوونی کاری ئەو بووە وەک مامۆستا لەو شوێنانەی, کە لەڕووی خزمەتگوزاریی خوێندنەوە لە کەمترین ئاستدا بوون و ئەویش بە ورەیەکی بەرزەوە کاری کردووە بۆ زیاتر هاندانی قوتابییانی ناوچە  هەژار و دوورەدەستەکان لە خوێندن و دانەبڕان لە پرۆسەی فێربوون.
 
سورەیا موتەهەرنیا، 26 ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی هەیە لە قوتابخانەکانی بیجاڕ و ماوەیەکی زۆر مامۆستای گوندی حەسەن تەیمووری ئەو شارە بووە.
 
رێکخراوی یونیسکۆ تایبەتە بە کاروباری پەروەردە، زانست و کولتوور و ساڵانە لیستی باشترین مامۆستاکان لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەکاتەوە، کە ئامانج لێی جێگیرکردنی ئاشتییە لە سەرانسەری جیهان لە رێگەی پەرەدان بە کەرتەکانی پەروەردە، زانست و کولتوور و پتەوکردنی پەیوەندیی گەلان.