قایمقامی کۆیە: بەهۆی پڕۆژەی شەقامی 40 مەتری، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرچووە
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سکاڵای کۆمپانیای جێبەجێکاری شەقامی 40 مەتریی کۆیە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکرا. قایمقامی کۆیەش دەڵێت: "پێشتر چەند جارێک دادگە بانگهێشتی کردووە، بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە دوایین جار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-11-2022، تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیای ساکار کە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دوو سایدی 40 مەترییە، سکاڵایان لەسەر شاسوار عەبدولواحید کردووە و بەهۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە."
بە گوتەی قایمقامی کۆیە، ئەو کۆمپانیا لە رێگەی تەندەرینەوە پڕۆژەکەی بۆ دەرچووە، "بەڵام شاسوار عەبدولواحید بەبێ گەڕاندەوە بۆ کۆمپانیاکە ستافی بردووەتە سەر پڕۆژەکە و کاری کردووە، بۆیە کۆمپانیاکەش سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە."
تاریق حەیدەری گوتیشی: "شاسوار عەبدولواحید سەرەتا چەند جارێک بانگهێشتی دادگە کراوە، بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە دوایین جار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە."
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دوێنێ سێشەممە 1-11-2022، لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی کۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی 40 مەتریی ناو شاری کۆیە بەردی بناخەی دانراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە.
دادگەی کۆیە لە نووسراوێکیدا کە ئاراستەی بنکەکانی پۆلیسی کردووە، فەرمانی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکردووە. لە نووسراوەکەدا فەرمان کراوە سەرۆکی نەوەی نوێ بە مادەی 240ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر بکەن و ماڵەکەشی بگەڕێن.
شەقامی 40 مەتریی شاری کۆیە پێشتر بە کوالێتییەکی نزم دروستکرا هەر بۆیە دوایی ماوەیەکی کەم لە کردنەوەی بە رووی شۆفێراندا شەقامەکە تێکچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کاری قیرتاوکردنەوەی کۆتایی نەهاتووە بەهۆی ئەوەی بە پچڕ پچڕی کاری تێدا دەکرێت.
لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلالدا، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، تیمێکی بۆ تەواوکردنی شەقامەکە نارد و چەند رۆژێک لە شەقامەکەش کاریان کرد.