ئاری نانەکەلی: ئەوپەڕی ئازادیی رادەربڕین لە هەولێر هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کارنامەی حیزبەکەی تەنیا بۆ هەولێر و دهۆک نییە، بەڵکو بۆ سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستانە. باسی لەوەش کرد، "ئەمجارە پارتی لە بەغدا شەڕی جێبەجێکردنی بڕگە و مادە دەستوورییەکان دەکات."
 
رۆژی یەکشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2025 ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، "تەنیا لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن دەنگ دەهێنین، چونکە ئەگەر سەیری هەڵبژاردنی پاری هەرێمی کوردستان بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا لە سێ پارێزگا 812 هەزار دەنگی بەدەستهێنا؛ ئەگەر موسڵ و کەرکووکیش هەژمار بکەین، زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ دێنین."
 
"ئەمڕۆ کاک نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی بانگەشە دەکات"
 
لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، ئاری نانەکەلی گوتی، "لەوەتەی کۆمیسیۆن بانگەشەی راگەیاندووە، پارتی بانگەشەی خۆی لە سەرانسەری کوردستان دەستپێکردووە؛ لە خانەقینەوە تاوەکو زاخۆ، دانەبڕاوە لە بانگەشە و بانگەشەیەکی باشیش کراوە، بەڵام لەسەر ئاستی باڵا ئەمڕۆ کاک نێچیرڤان بارزانی دەچێتە سلێمانی، ئەمەش وەکو تەواوکاری ئەو بەرنامەیەی پارتی کە لە سلێمانی و دەوروبەری بۆ بانگەشە هەیەتی."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، کارنامەکەیان تەنیا بۆ دهۆک و هەولێر نییە، بەڵکو بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و هەموو شار و شارۆچکەکانیشە. گوتیشی، "لە هەڵبژاردنەکانی دیکەشدا پارتی کە کارنامەی خۆی راگەیاندووە، سلێمانی، هەولێر و دهۆکیشی تێدابووە. خزمەتگوزارییەکان کە پێشکێشکراون، ئەو شوێنانەش بێبەش نەبوون، بەڵام رەنگە ئیدارەی خۆجێیی ئەم ناوچانە بە کاری خۆیان هەڵنەسابێتن. نموونەمان هەیە کە بە دەیان پڕۆژە بەردی بناخەیان بۆ دانراوە، بەڵام 10 ساڵە ماونەتەوە، وەک شەقامی کۆیە، 60 مەتریی و 100 مەتریی سلێمانی. کەمتەرخەمی لەو سنوورە هەیە، نەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. پارتی خزمەتی هەرێمی کوردستان دەکات جا لە هەر شوێنێک بێت."
 
ئاری نانەکەلی: "ئێستا پارتی جێگەی متمانەی سلێمانییە"
 
ئاری نانەکەلی گوتی، "پارتی دەستکەوتی زۆر هەبووە، لە کارنامەی پارتیدا هاتووە کە خزمەتگوزاریی ئاوەدانی، سەقامگیری و ئاسایش بۆ خەڵکی سلێمانی دابین دەکات. پارتی ئێستا جێی متمانەی سلێمانییە، پارتی جێی ئومێدی خەڵکی کوردستانە، لە رابردوو بە هەوراز و نشێوەکاندا هاتووە، ئێستاش هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی هەرێمی کوردستان دەدات. پارتی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو گوتی کارەبا و ئاو چاک دەکەین، پارتی راستگۆبوو لەگەڵ خەڵک، سیاسەتی کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور دروستبوو، جەنابی سەرۆک بارزانی وەکو رەمزێکی فیداکاری و نیشتمانی و کەسایەتییەکی گەورە لە ناوچەکە حیسابی بۆ دەکرێت."
 
لەبارەی دەستوورەوە، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "کێشەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پشتگوێخستنی بڕگە و مادەکانی دەستووری عێراقە، پارتی و بەربژێرەکانی لەم خولەدا پێداگری و شەڕی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەن."